رووبیۆ: ئاماژەی ئەرێنی بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران هەن

"شاندێکی باڵای پاکستان بۆ نێوەندگیریی ئەمریکا و ئێران دەگاتە تاران"

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، باس لە پێشکەوتن و بوونی "ئاماژەی ئەرێنی" دەکات بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران و، چاوی لە نێوەندگیریی شاندە باڵاکەی پاکستانە.

پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، مارکۆ رووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە کرد: "ئەمڕۆ شاندێکی باڵای پاکستان گەشت بۆ تاران دەکەن و چەندین ئاماژەی ئەرێنی بۆ رێککەوتن لەگەڵ تاراندا هەن."

سەبارەت بە پرسی گەرووی هورمزیش هۆشداریی دا و گوتی: "سەپاندنی سیستەمی وەرگرتنی باج لە گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە، گەیشتن بە رێککەوتنی دیپلۆماسی مەحاڵ دەکات، چونکە هیچ کەسێک لە جیهاندا پشتگیری لەوە ناکات تاران باج لەو گەرووەدا وەربگرێت."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران و پێشکەوتنیشیان بەدەست هێناوە.

 ئاماژەی بەوەش دا، کە دۆناڵد ترەمپ، گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران بە باش دەزانێت و بژاردەی دڵخوازیەتی، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداریی دا کە "بژاردەی سەربازی هێشتا لەسەر مێزە."

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، رووبیۆ تووڕەیی و نائومێدیی واشنتنی بەرانبەر بە هەڵوێستی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) دەربڕی و رایگەیاند: "مووشەکەکانی ئێران هەڕەشەن بۆ سەر ئەوروپا، پێویست بوو ناتۆ پەیوەندی بە ئۆپەراسیۆنەکەمان بکات دژی ئێران." 

هەروەها گوتیشی: "ناتۆ رەتی دەکاتەوە هیچ شتێک بکات کە ئەمریکا داوای دەکات، ئەوان لە پاڵ ئێمەدا نەوەستان و ترەمپیش هەست بە بێهیواییەکی گەورە دەکات."

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە تاران چاوەڕوانی سەردانی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان دەکات، وەک بەشێک لەو نێوەندگیرییەی ئیسلامئاباد سەرکردایەتیی دەکات.

ئێستا تاران خەریکی تاوتوێکردنی پێشنیازێکی ئەمریکایە بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە لە 28ـی شوباتەوە دەستی پێکردووە.