سەرۆکی شارەوانیی هەولێر: رێگەپێدان بۆ دروستکردنی خانوو لە گردجۆتیار دەرچووە
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند، بە ڕەزامەندی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کێشەی ڕێپێدانی خانووی دانیشتووانی گەڕەکی گردجۆتیار چارەسەر کرا و هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی شارەوانی بکەن بۆ وەرگرتنی مۆڵەت.
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەمەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند: دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی گەڕەکی گردجۆتیار داوایان کرد، کە رێپێدانی خانوویان پێ بدرێت، بە سوپاسەوە بۆ سەرۆکی حکوومەت، دوای دەرچوونی رێنمایی تایبەت رێپێدانی خانوویان بۆ گەڕایەوە، هەروەها شێوە و دیزاین و ئەو مەوادەی لە خانووەکان بەکاردەهێنرێت، سەرجەمیان لە رێپدانەکان ئاماژەیان پێدراوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، لە رۆژانی داهاتوو بۆ وەرگرتنی رێپدانی زەویەکانیان بۆ دروستکردنی خانوو دەتوانن سەردانی شارەوانیی بکەن.
دەربارەی دابەشکردنی زەوی رایگەیاند: بەخێرایی کار لەسەر دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران دەکەین.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ پێنجشەممە، قۆناغی حەوتەمی دابەشکردنی زەوی لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بەڕێوەچوو، کە سێ هەزار و 500 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکرا.