شوکری جەمیل: سێمێل خەریکە دەبێتە ناوەندێکی گرنگی پیشەسازی و گەنجینەی خۆراک
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک رایگەیاند، قەزای سێمێل لە رێگەی پڕۆژە ستراتیژییەکان و کارگە نوێیەکانی خۆراکەوە، هەنگاو دەنێت بەرەو ئەوەی ببێتە گەورەترین ناوەندی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک لەسەر ئاستی عێراق. ئاشکراشی کرد کە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە گفتوگۆدان بۆ پاراستنی مافە داراییەکانی بازرگانانی هەرێم لە سیستەمی گومرگیی ئەسیکۆدا.
شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 گوتی: "ئەم فێستیڤاڵەی بەرهەمە سپییەکان لە سێمێل تەنیا نمایش نییە، بەڵکو رەهەندی ئابوری و جڤاکی و کولتوریی قووڵی هەیە. سێمێل دەڤەرێکی رەسەنە و ناوبانگی لە بەرهەمهێنانی پەنیر و ژاژی و بەرهەمە شیرییەکاندا هەیە، ئێمە دەمانەوێت ئەم ناوبانگە بکەینە دەرفەتێکی گەورەی بازرگانی و گەشتیاری."
پڕۆژە نوێیەکان و متمانەی جووتیاران
سەرۆکی ژووری بازرگانی ئاماژەی بە بنیاتنانی چەندین پڕۆژەی گەورەی پیشەسازی کرد و گوتی: "ئێستا کارگەی گەورەی وەک (کانی سپی) و چەندین کۆگای مۆدێرنی هەڵگرتنی خۆراک لە سێمێل لە قۆناخی جێبەجێکردندان کە لەسەر ئاستی عێراق وێنەیان کەمە. ئەم کارگانە متمانە دەدەنە جووتیاران و ئاژەڵداران کە بەرهەمەکانیان لەناو ناچێت و کارگەکان لێیان وەردەگرنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بوژانەوەی گوندەکان و رەخساندنی هەزاران هەلی کار."
وەبەرهێنانی بیانی و پەیوەندی لەگەڵ تورکیا
شوکری جەمیل باسی لە ئاسانکارییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ وەبەرهێنەران و رایگەیاند: "پەیوەندییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت تورکیا لە ئاستێکی بەرزدایە. بڕیارە دوای جەژن، شاندێکی ژووری بازرگانیی وان (لە باکوری کوردستان) سەردانمان بکەن و کۆبوونەوەی (B2B) بکەین تاوەکو وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی پیشەسازیی خۆراک و پلاستیک لەم دەڤەرەدا بکەن."
دڵنیایی لە ئاسایشی خۆراک
سەبارەت بە مەترسییەکانی کەمبوونەوەی خۆراک بەهۆی تێکچوونی دۆخی سیاسیی ناوچەکە، سەرۆکی ژووری بازرگانی دڵنیایی دایە هاووڵاتیان و گوتی: "ئێمە وەک ژووری بازرگانی بەدواداچوونی وردمان کردووە، بەهۆی ئەو کۆگا و گەنجینە گەورانەی لە پارێزگای دهۆک و سێمێل هەن، بۆ ماوەی 6 مانگ هەموو جۆرە خۆراکێکی سەرەکیمان هەیە و هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانی خەڵک نییە، بۆیە پێویست ناکات هاووڵاتیان تووشی دڵەراوکێ ببن."
کێشەی سیستەمی ئەسیکۆدا و بەغدا
لە کۆتایی قسەکانیدا، شوکری جەمیل باسی لە کێشە گومرگییەکان کرد و گوتی: "لەگەڵ شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن لە بەغدا بووین بۆ تاوتوێکردنی سیستەمی (ئەسیکۆدا). داوامان کردووە تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان رەچاو بکرێت، بەتایبەت لە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بە بازرگانانی هەرێم. لیژنەیەکی تەکنیکی پێکهێنراوە بۆ ئەوەی رێککەوتنی کۆتایی بکرێت بە جۆرێک کە مافە دەستوری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان و بازرگانەکانمان پارێزراو بێت."