بەهۆی بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکە ئاستی ئاوی فوڕات لە عێراق بەرزبووەوە
گەورەترین بەنداوی تورکیا دوای حەوت ساڵ دەرگاکانی واڵا کرد و ئاستی ئاوی رووباری فورات لە عێراق بەرز دەبێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارە ئاوییەکانی تورکیا دوای حەوت ساڵ لە داخستنیان، دەرگاکانی گەورەترین بەنداوی وڵاتەکەی کە بەنداوی ئەتاتورکە لەسەر رووباری فورات کردەوە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە بەهۆی باران و بەفری زۆری وەرزی زستان و بەهاری ئەمساڵەوە، ئاستی ئاوی ناو بەنداوەکە گەیشتووەتە ئەوپەڕی توانای خۆی و بۆ ڕێگریکردن لە هەر مەترسییەکی سەرڕێژبوون، بڕیاردرا ئاوەکە بە شێوەیەکی کۆنتڕۆڵکراو بەرەو رێڕەوی رووباری فورات بەربدرێتەوە.
ئەمە سێیەمین جارە لە ماوەی 22 ساڵی رابردوودا دەرگاکانی ئەم بەنداوە زەبەلاحە بکرێنەوە، کە دوایین جاریان لە ساڵی 2019دا بوو و ئێستا دوای حەوت ساڵ جارێکی دیکە ئاوەکە بەردرایەوە، بەردانەوەی ئاوی بەنداوی ئەتاتورک کاریگەری گەورەی بۆ وڵاتی عێراق هەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەست وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری فوراتەوە دەیناڵاند.
چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ئاستی ئاوی ڕووبارەکە لە ناوخۆی خاکی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە. هەرچەندە بەپێی گوتی شارەزایان لایەنە پەیوەندیدارەکان لە عێراق پێویستە ئامادەکاری بکەن بۆ وەرگرتنی ئەم بڕە ئاوە و ڕێگریکردن لە هەر لافاوێکی کتوپڕ لەو ناوچانەی کە دەکەونە سەر رێڕەوی ڕووبارەکە.