دوای سێبەری جەنگ؛ ئۆرکێسترای سیمفۆنیی تاران پەیامی ئاشتی و ژیان بڵاودەکاتەوە
سەرەڕای وێرانکارییەکانی جەنگ، ئۆرکێسترای سیمفۆنیی تاران یەکەمین کۆنسێرتی خۆی دوای ململانێیە سەختەکانی نێوان ئێران و (ئەمریکا و ئیسرائیل) ساز کرد، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی هیوا و نیشاندانی روویەکی دیکەی ژیان لە تاران.
مەهدی شەفیعی، یاریدەدەری وەزیری رۆشنبیریی ئێران لەبارەی سازکردنی ئەم کۆنسێرتە رایگەیاند "هونەر هەمیشە پێگەیەکی گرنگی لە ئێراندا هەبووە، بەتایبەت لە کاتی قەیران و جەنگەکاندا، هونەر وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ بەهێزکردنی خۆڕاگری، هیوا و تەبایی کۆمەڵایەتی خزمەت دەکات."
ئەم چالاکییە هونەرییە دوای ماوەیەکی درێژ لە وەستان و سستبوونی کەرتی کولتووری بەهۆی شەڕەوە دێت. تاران دەیەوێت لە رێگەی ئەم جۆرە کۆنسێرتانەوە، هەم شادەماری ئابووریی وڵات ببوژێنێتەوە و هەمیش ڕۆح و ژیان بەبەر جەستەی ماندووی کۆمەڵگەدا بکاتەوە کە بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگەوە زیانی پێگەیشتووە.
یەکێک لە هاووڵاتییانی بەشداربووی کۆنسێرتەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند "بڕوام وایە هونەر ئامرازێکی بەهێزە کە یارمەتیمان دەدات بەرگەی کاتە سەختەکان بگرین. ئەم میوزیکە بیرمان دەهێنێتەوە کە ژیان، سەرەڕای هەوراز و نشێوەکانی و تەنانەت لە کاتی ئاڵۆزیشدا، هێشتا جوانییەکانی خۆی هەیە."
بەڵام لە پشت پەردەی ئەم دیمەنە هونەرییەوە، کەرتی میوزیک لە ئێران بەدەست کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکەبووەوە دەناڵێنێت. موحسین رەجەبپوور، بەرهەمهێنەری میوزیک، رەخنەی توند لە حکوومەت دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات کە میوزیک تەنیا قوربانی جەنگ نییە، بەڵکو ساڵانێکە بەهۆی پشتگوێخستنی دارایی و نەبوونی بودجە، وەبەرهێنەرانی ئەم کەرتە رووبەڕووی زیانی گەورە بوونەتەوە.
سازکردنی ئەم کۆنسێرتە لە ناو جەرگەی ئاڵۆزییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێستای ئێراندا، وەک تاقیکردنەوەیەکی سەخت دەبینرێت بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئایا هونەر دەتوانێت بەسەر دەنگی وێرانکاریدا سەربکەوێت یان نا.