روبیۆ: دەبێت ئێران دەستبەرداری خواستە ئەتۆمییەکانی بێت
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ستایشی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پاکستانی کرد لە گفتوگۆکانی لەگەڵ تاران، هاوکات رایگەیاند پێشکەوتنیان لە دانوستانەکاندا بەدەستهێناوە بەڵام دەیانەوێت ئێران بە تەواوی دەستبەرداری خواستە ئەتۆمییەکانی بێت.
هەینی 22ی ئایاری 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ستایشی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتی پاکستانی کرد و رایگەیاند: "پاکستان لایەنی سەرەکی و بنەڕەتییە لە گفتوگۆکان لەگەڵ تاران، ئەوان کارێکی ناوازە و جێگەی سەرسووڕهێنیان کردووە و تا ئێستاش بەردەوامن." هەروەها ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی وڵاتانی کەنداو کرد لە نزیککردنەوەی دیدگاکان و هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
سەبارەت بە ئاسایشی کەشتیوانی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئامانجی سەرەکییان کردنەوەی گەرووی هورمزە بەڕووی کەشتیوانیدا. گوتیشی: "پێویستە کار بۆ لادانی ئەو مینە دەریاییانە بکرێت کە لە گەرووەکەدا چێنراون. ئێمە هیوادارین لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن بۆ کردنەوەی رێڕەوەکە، بەڵام ئەگەر تاران رەتی بکاتەوە، ئەوا بێگومان پلانی جێگرەوەمان بۆ کردنەوەی گەرووەکە ئامادەیە."
روبیۆ ئاشکرای کرد واشنتن دەیەوێت ئێران بە تەواوی دەستبەرداری خواستە ئەتۆمییەکانی بێت. سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای دانوستانەکان گوتی: "هەندێک پێشکەوتنمان بەدەستهێناوە، بەڵام نامەوێت زیادەڕۆیی لەوەدا بکەم، چونکە هێشتا کارێکی زۆرمان لەپێشە و بە چڕی کاری لەسەر دەکەین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوە باسی لە هاوپەیمانیی ناتۆ کرد و جەختی کردەوە کە دەبێت ناتۆ "بەهایەکی راستەقینەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان هەبێت". ئاماژەی بەوەش کرد، گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی جووڵەی هێزەکانی ناتۆ بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان ئەنجامدراون، هەرچەندە تا ئێستا ناتۆ وەک هاوپەیمانییەک هیچ داواکارییەکی فەرمی پێ نەگەیشتووە بۆ دەستوەردان لە پرسی گەرووی هورمز.
روبیۆ باسی لە دۆخی ئۆکرانیا کرد و رایگەیاند کە کیێڤ ئێستا زیاتر لە هەموو کاتێکی تر پشتیوانی سەربازی و سیاسی پێدەگات بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکان.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە شاری هێلسینگبۆرگی سوید، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی وڵاتانی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، ئاماژەی بەوە کرد، گەرووی هورمز رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتییە و ئەمریکا رێگە نادات هیچ وڵاتێک بە ئارەزووی خۆی باج یان سەرانە بەسەر کەشتیوانیدا بسەپێنێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئێران پێشتر رایانگەیاندبوو میکانیزمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی گەرووەکە و وەرگرتنی پارە لە کەشتییە بازرگانییەکان پەیڕەو دەکەن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "وەک هەر هاوپەیمانییەکی دیکە، ناتۆ دەبێت بەرژەوەندی هەموو ئەندامەکانی بپارێزێت و پێویستە تێگەیشتنێکی روون بۆ چاوەڕوانییەکانی یەکتر هەبێت."
ناوبراو ئاشکرایشی کرد کە چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەی ئێستایان لە سوید، رێ خۆشکەر بێت بۆ ئەنجامدانی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ کە بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوە بچێت.