میدیاکان: شاندەکانی قەتەر و پاکستان لە تارانن
تاران بووە چەقی جووڵەیەکی چڕی دیپلۆماسی و سەربازیی نێودەوڵەتی. بە مەبەستی رێگری لە دەستپێکردنەوەی جەنگ و گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان ئەمریکا و ئێران، شاندی باڵای هەریەک لە قەتەر و پاکستان گەیشتنە پایتەختی ئێران.
هەینی، 22ی ئایاری 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند، تیمێکی دانوستانکاری قەتەری بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتوونەتە تاران. ئامانجی سەرەکیی ئەم شاندە یارمەتیدانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
قەتەر کە پێشتر ررۆڵی نێوەندگیری لە جەنگی غەززە و ناوچەکانی تری جیهاندا بینیوە، تاوەکو ئێستا لەم جەنگەی ئێراندا خۆی بەدوور گرتبوو. ئەم دوورکەوتنەوەیەش دوای ئەوە هات کە لە سەرەتای ململانێکاندا، خاکی قەتەر رووبەڕووی چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران بووەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، ئاژانسی (AFP) لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بڵاوی کردەوە، عاسم مونیر، فەرماندەی گشتیی سوپای پاکستان، بە سەردانێکی فەرمی وڵاتەکەی بەرەو تاران جێهێشتووە. بڕیارە مونیر زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ سەرکردایەتیی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجام بدات بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنی و دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییەکان.
دووشەممە 18ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) رایگەیاندبوو، ئەو هێرشە سەربازییەی بڕیاربوو سبەی بکرێتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران راگیراوە، ئەوەش دوای دەستوەردان و داواکاریی راستەوخۆی سەرکردە باڵاکانی ناوچەی کەنداو.
ترەمپ ئاشکرای کردبوو، هەریەک لە شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەر، شێخ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە و شێخ محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات داوایان لێکردووە هێرشە پلانبۆداڕێژراوەکە رابگرێت. بەگوتەی ترەمپ، ئەم سەرکردانە پێیان وایە "دانوستانی جددی لە ئارادایە" و دەکرێت رێککەوتنێک بێتە کایەوە کە بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش پەسند بێت.