ئەگەری هەیە قەیرانێکی دارایی هاوشێوەی ساڵی 2008 دووبارە ببێتەوە

بەردەوامیی داخستنی گەرووی ستراتیژیی هورمز تاوەکو مانگی ئابی داهاتوو، هەڕەشەی پاشەکشەیەکی ئابووریی گەورە لە جیهان دەکات کە هاوشێوەی قەیرانە داراییەکەی ساڵی 2008 بێت.

هەینی 22ـی ئایاری 2026، ئاژانسی بلوومبێرگ لە زاری دامەزراوەی راوێژکاری "راپیدان ئێنێرجی" (Rapidan Energy Group) بڵاوی کردەوە، کە دوو سیناریۆ بۆ داهاتووی بازاڕی وزە لە ئارادایە:

1- سیناریۆی گەشبینانە: ئەگەر گەرووی هورمز لە مانگی تەممووزدا بکرێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت خواست لەسەر نەوت بە بڕی 2.6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەم بکات و نرخی نەوتی خاوی برێنت لە هاویندا بگاتە لووتکەی خۆی کە 130 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک.

2- سیناریۆی رەشبینانە: ئەگەر گەرووەکە تاوەکو مانگی ئاب بە داخراوی بمێنێتەوە، جیهان رووبەڕووی کورتهێنانێکی گەورەی دابینکردنی وزە دەبێتەوە، بە جۆرێک کە لە سێیەم وەرزی ئەمساڵدا کورتهێنانەکە دەگاتە 6 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.

شیکەرەوەکانی راپیدان دەڵێن، هەرچەندە دۆخی ئێستای ئابووریی جیهان لە چاو ساڵانی 2007 و 2008 بەهێزترە، بەڵام بەردەوامیی بازدانی نرخەکانی نەوت مەترسییەکی جددییە و دەبێتە هۆی تێکچوونی سەقامگیریی دارایی و ئابووریی گشتی لە جیهاندا.

ئەم قەیرانە ئابوورییە دوای ئەوە هات کە لە 28ی شوباتی 2026، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانیان بۆ سەر ئێران، دەستپێکرد.

لە بەرانبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران ئۆپەراسیۆنێکی تۆڵەکردنەوەی بۆ سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی (بەحرەین، ئوردن، عێراق، قەتەر، کوەێت، ئیمارات و سعوودیە) راگەیاند. دواتر تاران بڕیاری دا گەرووی هورمز بەڕووی هەموو ئەو کەشتییانەدا دابخات کە پەیوەندییان بە ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەو وڵاتانەوە هەیە کە پشتیوانی لە هێرشەکان دەکەن.

ئەم کێشەیە گەورەترین پەککەوتنی گواستنەوەی وزەی لە مێژوودا دروست کردووە، چونکە یەک لەسەر پێنجی نەوت و غازی شلکراوەی جیهان لەم رێڕەوە ئاوییەوە دەگوازرێتەوە.

قەیرانی دارایی 2008

قەیرانی دارایی جیهانی کە لە ساڵی 2007 دەستی پێکرد و لە 2008دا بە تەواوی جیهانی گرتەوە، بە توندترین تەنگژەی ئابووری دوای "سستییە گەورەکە"ی ساڵی 1929 هەژمار دەکرێت. ئەم قەیرانە کە لە دڵی گەورەترین ئابووری جیهان واتە ئەمریکاوە سەری هەڵدا، بووە هۆی تێکچوونی هاوسەنگییە داراییەکان لە سەرانسەری گۆی زەویدا.

بەپێی لێکۆڵینەوە ئابوورییەکان، هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانە بۆ کێشەی "رەهنی خانوبەرە" لە ئەمریکا دەگەڕێتەوە. بانکە بازرگانییەکان بەبێ رەچاوکردنی توانای دارایی قەرزوەرگران و بەبێ گەرەنتی پێویست، بڕێکی زۆر قەرزیان بۆ کڕینی خانوبەرە بەخشیبوو. لەگەڵ دابەزینی نرخی خانوبەرە لە ساڵی 2007، قەرزوەرگران نەیانتوانی قەرزەکانیان بدەنەوە، ئەمەش بووە هۆی کورتهێنانی توندی سیولە لە بانکە گەورەکانی وەک "سێتی گرووپ" و "بی ئێن پی پاریبا" و تێکچوونی بازاڕە جیهانییەکان.

قەیرانەکە تەنیا لە ئەمریکا نەمایەوە، بەڵکو کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر یەکێتی ئەوروپا هەبوو، چونکە بازاڕە داراییەکانیان بەستراوەی ئەمریکان. لە لایەکی ترەوە، وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت، بەتایبەت وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداو (GCC)، بەهۆی پشتبەستنیان بە داهاتی نەوت و گۆڕانی نرخەکان لە بازاڕی جیهانیدا، رووبەڕووی تەحەدایەکی گەورەی ئابووری و سیاسی بوونەوە.

نیکۆلا سارکۆزی، سەرۆکی ئەو کاتی فەرەنسا، داوای دروستکردنی "سەرمایەدارییەکی مرۆڤدۆستانە" و دامەزراندنی "دەسەڵاتێکی دارایی جیهانی" کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕەکان. حکوومەتی ئەمریکا و بانکە ناوەندییەکانی جیهانیش پەنایان بۆ پلانەکانی رزگارکردن و تێکەڵکردنی بانکەکان برد بۆ رێگریکردن لە هەرەسهێنانی تەواوەتی ئابووری.