بلومبێرگ: ئێران 20%ـی مەترسیدارترین درۆنەکانی واشنتنی تێکشکاندووە
ئاژانسی "بلومبێرگ" رایگەیاند, ئێران لە سەرەتای جەنگەوە زیاتر لە 22 درۆنی ئەمریکی جۆری MQ-9 Reaperی تێکشکاندووە، بەمەش ژمارەی ئەو درۆنانەی کە ونبوون یان زیانیان بەرکەوتووە گەیشتووەتە نێوان 24 بۆ 30 درۆن، کە بەهای گشتییان لە ملیارێک دۆلار زیاترە.
هەینی 22ـی ئایاری 2026، ئاژانسی "بلومبێرگ" لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، ئەم زیانانەی ئەمریکا بە نزیکەی یەک ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێن، کە دەکاتە 20%ـی کۆگای پێنتاگۆن پێش دەستپێکردنی جەنگ، بۆ سیستمێک کە قەرەبووکردنەوەی کارێکی ئاسان نییە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو درۆنانەی ئەمریکا یان لە ئاسمانەوە بە تەقەی ئێرانییەکان خراونەتە خوارەوە، یان لەسەر زەوی بە مووشەک تێکشکێندراون یان لە رووداوی جۆراوجۆردا لەناوچوون، جەختی لەوەشکردووەتەوە، تێچووی هەر درۆنێک نزیکەی 30 ملیۆن دۆلارە، کە بە هەستەوەری زۆر پێشکەوتوو دروست کراوە و چەکی وەک مووشەکی "هێڵفایەر" و بۆمبە ئاراستەکراوەکانی "جایدام" هەڵدەگرێت.
ئەم ژمارەیە هاوتایە لەگەڵ ئەو خەمڵاندنانەی پێشتر لەلایەن دەستەی توێژینەوەی کۆنگرێسەوە بڵاوکرابوونەوە.
سەرەڕای بەکارهێنانی چڕی ئەو درۆنانە بۆ پاراستنی گیانی تیمە سەربازییەکان و گەیاندنی زیانی گەورە بە ئێران، بەڵام هێشتا هەندێک ناوچەی ئاسمانی ئێران مەترسییەکی گەورە پێکدەهێنن.
ئەمریکا بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە درۆنەی بۆ هێزەکانی خۆی راگرتووە و لە ئێستادا تەنها بۆ کڕیارە بیانییەکان بەرهەم دەهێنرێت، لەمبارەیەوە بیکا واسەر، پسپۆڕ لە "بلومبێرگ ئیکۆنۆمیکس" دەڵێت: "بەڕێوەبردنی جەنگ لە دوورەوە هێشتا تێچوویەکی زۆری هەیە، فڕۆکەکانی ریپەر گرانبەهان و ژمارەیان سنووردارە و هێڵێکی بەرهەمهێنانی چالاکیشیان بۆ سوپای ئەمریکا نییە، بۆیە ناتوانرێت وەک کەرەستەیەکی بەکارھاتوو کە بە ئاسانی قەرەبوو بکرێتەوە تەماشا بکرێن."