ناتۆ: ئەمریکا لە نێو هاوپەیمانەکە دەمێنێتەوە

سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، ئەوروپا دەوڵەمەندە و پێویستە بەرپرسیارێتیی زیاتر لە پاراستنی خۆیدا هەڵبگرێت، ئاماژەی بەوەش کرد کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر واشنتن پڕۆسەیەکە کە دەبوو رووبدات، چونکە ئەمریکا ناتوانێت لە یەک کاتدا لە هەموو شوێنێک بێت.

هەینی 22ـی ئایاری 2026، مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە وڵاتی سوید سەبارەت بە فشارەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی پشتیوانییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناتۆ، رایگەیاند،"ئەوروپا وڵاتێکی دەوڵەمەندە و پێویستە بەرپرسیارێتی زیاتر لە پاراستنی خۆی هەڵبگرێت. ئەمە پرۆسەیەکە کە دەستی پێکردووە و هەموومان دەمانزانی روودەدات."

رووتە جەختی کردەوە، ئەم بڕیارەی ئەمریکا تەنیا بۆ هاوسەنگکردنی بارگرانییە داراییەکان نییە، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئەمریکا ناتوانێت لە هەموو شوێنێک بێت لە یەک کاتدا، بۆیە پێویستە هاوپەیمانە ئەوروپییەکان و کەنەدا زیاتر کار بکەن بۆ بەهێزکردنی تواناکانیان.

سکرتێری گشتیی ناتۆ گوتیشی: "هەندێک راپۆرت هەن کە ئاماژە بەوە دەکەن ئۆکرانیا خەریکە خاکی زیاتر کۆنترۆڵ دەکاتەوە و ئاراستەی جەنگەکەی گۆڕیوە. ئەوان لەوە تێگەیشتوون کە چۆن تەکنۆلۆژیا و درۆنەکان بەکاربهێنن و ئەمەش وانەیەکی گەورەیە بۆ ناتۆ."

سکرتێری گشتیی ناتۆ هۆشداری دایە ڤلادیمیر پووتین و گوتی: "پێموانییە پووتین ئێستا زۆر دڵخۆش بێت، چونکە کارەکان بەو ئاراستەیەدا ناڕۆن کە ئەو دەیویست."

رووتە ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان بە چڕی کار لەسەر "مۆدێلی نوێی هێزەکانی ناتۆ" دەکەن و هەوڵ دەدەن هەموو ئەو وانانەی لە جەنگی ئۆکرانیاوە فێربوون، لە پلانەکانی داهاتووی ناتۆدا جێگیر بکەن. جەختیشی کردەوە کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، هاوپەیمانیی ناتۆ هەر بە بەهێزی دەمێنێتەوە و ئەمریکاش وەک هاوبەشێکی سەرەکی و ستراتیژی لە ناو هاوپەیمانییەکەدا دەمێنێتەوە.