تاران: تەنیا چین دەستپێشخەرییەکی کردەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێشکەش کردووە
باڵیۆز و نوێنەری تایبەتی سەرۆککۆماری ئێران لە چین رایگەیاند، لە نێوان سەرجەم زلهێزەکاندا تەنیا بەیژینگ بە هاوکاریی پاکستان دەستپێشخەرییەکی کردەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ خستووەتەڕوو، سەرنجی خستە سەر پلانێکی چوار خاڵیی سەرۆکی چین بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەینی 22ی ئایاری 2026، عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی، باڵیۆز و نوێنەری تایبەتی سەرۆککۆماری ئێران لە وڵاتی چین لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی: لە نێوان هەموو زلهێزەکانی جیهاندا، تەنیا چین توانیویەتی دەسپێشخەرییەکی کردەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و چەسپاندنی ئارامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخاتەڕوو.
رەحمانی فەزڵی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، چین رۆڵێکی جیاوازی هەبووە لە ململانێکاندا و گوتی: "چین تەنیا دەسەڵات بوو کە لە ناوەندی ئەم جەنگەدا، شانبەشانی وڵاتی پاکستان دەسپێشخەرییەکی ئاشتی پێشکەش کرد."
نوێنەری تایبەتی سەرۆککۆماری ئێران سەرنجی خستە سەر پێشنیازێکی نوێی سەرۆکی چین و رایگەیاند: "سەرۆککۆماری چین دەسپێشخەرییەکی چوار خاڵیی داهێنەرانەی بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستووەتەڕوو. ئەم پلانە زۆر هاوسەنگ و پڕبایەخە و دەکرێت بکرێتە بنەمایەکی ورد بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا."
ئەم لێدوانانەی ئەم بەرپرسە باڵایەی ئێران لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لە نێوان تاران و واشنتن بە نێوەندگیریی وڵاتانی ناوچەکە و ئاسیا گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار و تاران وەک جێگرەوەیەکی گونجاو دەڕوانێتە دەسپێشخەرییەکەی بەیژینگ.
سێشەممە 19ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا بۆ رۆژنامەنووسان، رایگەیاندبوو، شی جینپینگ، سەرۆکی چین، بەڵێنی پێدام کە هیچ جۆرە چەکێک بۆ ئێران نەنێرێت. ئەوە بەڵێنێکی زۆر جوان و گرنگە." جەختی کردەوە کە متمانەی بە قسەکانی سەرۆکی چین هەیە و گوتی: "من متمانە بە قسەکانی دەکەم و سوپاسی ئەو هەڵوێستەی دەکەم."
چوارشەممە 13ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، گەیشتە چین؛ لە کۆتا رۆژی لە چین، سەبارەت بە تەنگژەی ئێران ئاماژەی دابوو، زۆرێک لەو کێشانەی کە بۆ ئەوانی دیکە چارەسەر نەدەکران، چارەسەریان کردوون، باسی لەوەش کردبوو، "هەست بە نزیکییەکی زۆر دەکەین سەبارەت بەوەی چۆن کۆتایی بەم بارودۆخە بهێنین."
سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی گەڕانەوەی بۆ واشنتن لە نێو فڕۆکەکەی بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاندبوو، چیتر ئامادە نییە چاوەڕێی ئێران بکات و جەختی کردەوە کە لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی تەواو کە نابێت رێگە بدرێت کۆماری ئیسلامی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و پێویستە دەستبەجێ گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانی جیهانیدا بکرێتەوە.
ترەمپ ئاماژەشی دابوو، سەرۆکی چین بە توندی پشتگیری لەوە دەکات کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و گوتی: "شی جینپینگ هەستێکی بەهێزی هەیە بەرانبەر بەوەی کە نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت و دەیەوێت گەرووی هورمزیش بە ڕووی هەناردەی نەوت و غازدا بکرێتەوە."
هەروەها هەینی 15ی ئایاری 2026، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین ئاشکرای کرد، شی جینپینگ، سەرۆکی چین و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چین بە فەرمی داوای کرد لەسەر بنەمای بەردەوامیی ئاگربەست، گەرووی هورمز بە زووترین کات بکرێتەوە. وانگ یی گوتی: "چین هانی ئەمریکا و ئێران دەدات کە لە رێگەی دانوستانەوە جیاوازییەکانیان چارەسەر بکەن، لەوانەش پرسی ئەتۆمی." چین جەختی کردەوە کە چارەسەری بنەڕەتی لە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و گشتگیریدایە و وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە گێڕانی رۆڵی نێوەندگیر بۆ گەڕانەوەی ئاشتی بۆ ناوچەکە.
یەکشەممە 16ی ئایاری 2026، ئاژانسی تەسنیم لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ئاماژەی بەوە کردووە، محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وەک نوێنەری تایبەتی وڵاتەکەی بۆ کاروباری چین دەستنیشانکراوە.
چوارشەممە 20ی ئایاری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی ئاشکرای کرد پلان و ئامادەکاری هەیە بۆ ئەوەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی نیویۆرک بکات.
ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر داوا و دەستپێشخەری وڵاتی چین رێکخراوە، کە لە ئێستادا سەرۆکایەتی خولیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتییە لە "بەهێزکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای پرەنسیپەکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان".