هەوڵێکی تیرۆرکردنی ئیڤانکا ترەمپ ئاشکرا بوو

سەرکردەیەکی دەستگیرکراوی حزبوڵڵای عێراق پلانی کوشتنی ئیڤانکا ترەمپی کچی سەرۆکی ئەمریکای دانابوو، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی قاسم سولەیمانی. 

پێگەی "نیویۆرک پۆست"ـی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، محەممەد باقر سەعد داود ساعدی، سەرکردەی دەستگیرکراوی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی پلانی تیرۆرکردنی بۆ ئیڤانکا ترەمپ، کچی سەرۆکی ئەمریکا دانابوو وەک هەوڵێک بۆ تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە. 

پێگەی "نیویۆرک پۆست" ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆشکی سپی هیچ وەڵامێکی بۆ پرسیارەکەیان سەبارەت بەو پیلانی تیرۆرکردنە نەبووە. 

ساعدیی تەمەن 32 ساڵ، رۆژی 15ـی ئایار لە تورکیا دەستگیرکراوە و رادەستی ئەمریکا کراوەتەوە. بەپێی وەزارەتی دادی ئەمریکاش، ئەو تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی 18 هێرش و هەوڵی هێرشکردن لە سەرتاسەری ئەوروپا و ئەمریکادا تۆمەتبار کراوە.

لەم بارەیەوە ئینتیفاز قەنبەر، جێگری پێشووی پاشکۆی سەربازی لە باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن، ئاماژەی بەوە دا، دوای کوژرانی سولەیمانی، ساعدی بە خەڵکی گوتووە پێویستە ئیڤانکا بکوژرێت بۆ ئەوەی ماڵی ترەمپ وێران بکەن، بەو شێوەیەی ئەو ماڵی ئەوانی وێران کرد. قەنبەر روونیشی کردەوە، گوێیان لێبووە محەممەد باقر نەخشەی ماڵی ئیڤانکای لە فلۆریدا هەبووە. هاوکات سەرچاوەیەکی دیکەش هەواڵی پلانەکەی ئەو چەکدارەی بۆ کوشتنی کچەکەی ترەمپ پشتڕاست کردووەتەوە.

ساعدی پێشتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نەخشەی ئەو ناوچەیەی فلۆریدای بڵاوکردبووەوە، کە شوێنی ماڵەکەی ئیڤانکا و جارد کوشنەری هاوسەری، تێدابوو. لەگەڵیدا هەڕەشەیەکی ترسناکی نووسیبوو: "بە ئەمریکییەکان دەڵێم سەیری ئەم وێنەیە بکەن و بزانن نە کۆشکەکانتان و نە دەزگای پاراستنی نهێنی ناتوانن بتانپارێزن، ئێستا ئێمە لە قۆناغی چاودێری و شیکردنەوەداین، پێم گوتن، تۆڵەسەندنەوەمان تەنیا کاتی پێویستە."

بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی داد، ساعدی لە پشت چەندین هێرشەوە بووە بۆ سەر ئامانجە ئەمریکی و جووەکان، لەوانە سووتاندنی بانکی نیویۆرک مێلۆن لە ئەمستردام لە مانگی ئادار، چەقۆلێدانی دوو جوو لە لەندەن لە مانگی نیسان و تەقەکردن لە بینای کونسوڵخانەی ئەمریکا لە تۆرۆنتۆ لە مانگی ئاداردا.

 هەروەها بەرپرسیارێتیی خۆی لە پلاندانان و هەماهەنگیکردن بۆ هێرشکردنە سەر جووەکان لە ئەستۆ گرتووە، لەوانە تەقاندنەوەی پەرستگایەک لە شاری لیێژی بەلجیکا، سووتاندنی پەرستگایەک لە رۆتەردام لە مانگی ئاداردا، لەگەڵ چەندین هێرشی دیکەی پووچەڵکراوە لە ئەمریکا، وەک کاردانەوەیەک بۆ ململانێکانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە سەرەتای ساڵی 2020دا، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە فڕۆکەخانەی بەغدا کرایە ئامانج و کوژرا. لەو کاتەوە ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە، بەردەوام هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکەن و بەرپرسانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج.