لە کالیفۆرنیا 40 هەزار کەس ماڵەکانیان چۆڵکرد

بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، دوای ئەوەی ماددەیەکی کیمیایی مەترسیدار لە تانکییەکی پیشەسازی لە ناوچەی گاردن گرۆڤ لە ئۆرنج کاونتی لە کالیفۆرنیا دزەیکرد، نزیکەی 40 هەزار کەس ماڵەکانیان چۆڵکرد، هەڵاتنی خەڵک لە ماڵەکانیان لە ترسی ئەگەری تەقینەوە و بڵاوبوونەوەی دوکەڵی ژەهراوی بووە.

بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشکردووە، "تانکییەکە نزیکەی 26 هەزار لیتر میتیل میتاکریلاتی سووتێنەری تێدایە، کە ماددەیەکە لە دروستکردنی پلاستیک و ئەکریلیکدا بەکاردەهێنرێت، لەکاتێکدا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هۆشدارییانداوە لە جددی دۆخەکە و ئەگەری پیسبوونی بەربڵاوی کیمیایی".

ئەمیر ئەلفەرا، بەڕێوەبەری پۆلیسی گاردن گرۆڤ رایگەیاند، "فەرمانی چۆڵکردنەکە نزیکەی 40 هەزار کەسی گرتووەتەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "ژمارەیەک لە دانیشتووان سەرەڕای هۆشدارییەکان رەتیانکردووەتەوە ماڵەکانیان بەجێبهێڵن".

ئاماژەی بەوەش دا، "تا ئێستا هیچ بریندارێک تۆمار نەکراوە، هاوکات هەوڵەکان بەردەوامن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دزەکردنەکە و رێگریکردن لە گەیشتنی ماددە کیمیاییەکە بۆ تۆڕەکانی ئاو و ژینگە، لەکاتێکدا تا ئێستا هۆکارەکانی رووداوەکە نادیارە".