چین.. بەهۆی تەقینەوەی کانێکی خەڵوز دەیان کەس گیانیان لەدەستدا

میدیا فەرمییەکانی چین ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئایاری 2026، بڵاویان کردەوە، بەهۆی تەقینەوەی گاز لە کانێکی خەڵوز لە باکووری وڵاتەکە، زیاتر لە 80 کەس گیانیان لەدەستداوە.

کەناڵی تەلەفزیۆنی فەرمی چین (CCTV) بڵاویکردەوە، رووداوەکە شەوی رابردوو لە کانی خەڵوزی "لیوشێنیو" لە پارێزگای شانسی روویداوە، ئاماژەی بەوەدا، 247 کرێکار لە کانەخەلوزەکە بوونە، لەو ژمارەیەش لانیکەم 82 کەس گیانیان لەدەستداوە و 9 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە سەرەتادا ژمارەی قوربانییان تەنیا 8 کەس بووە.

ئاژانسی هەواڵی "شینخوا" ئاماژەی بەوە کردووە، پێشتر بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن گازێکی ژەهراوی و بێبۆن لە ناو کانەکەدا، دەیان کرێکار گیریانخواردبوو بەهۆیەوە باری تەندروستی هەندێکیان ناجێگیر بوو.

سەرۆکی چین شی جینپینگ، لەوبارەوە رایگەیاند، پێویستە هەموو ناوچە و دامەزراوەکان وانە لەم رووداوە وەربگرن، هەمیشە چاوکراوە بن بەرامبەر بە سەلامەتی شوێنی کار و بە توندی رێگری بکەن لە روودانی کارەساتی گەورەی لەم شێوەیە.

سەرۆکی چین داوای کرد هەوڵی جددی بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان بدرێت، جەختی لەسەر ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی وورد و هەمەلایەنە لەسەر هۆکاری رووداوەکە کردەوە.

پارێزگای شانسی، کە یەکێکە لە پارێزگا هەژارەکانی چین، بە پایتەختی بەرهەمهێنانی خەڵوزی ئەو وڵاتە دادەنرێت، هەرچەندە لە دەیەکانی رابردوودا ئاستی سەلامەتی لە کانەکانی چیندا باشتر بووە، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی رێساکانی سەلامەتیدا، بە بەردەوامی رووداوی کارەستبار روودەدەن.

چین گەورەترین بەکارهێنەری خەڵوز و گەورەترین پیسکەری ژینگەیە لە جیهاندا بەهۆی دەردانی گازە گەرمخانەییەکانەوە، وێڕای ئەوەی کە بە خێراییەکی پێوانەیی سەرقاڵی پەرەپێدانی وزەی نوێبووەوەیە.