سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەرەو بەغدا بەڕێکەوت
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومی و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکوومەت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێکەوت.
لە سەردانەکەیدا کە دوو رۆژ دەخایەنێت، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی فیدراڵ؛ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان؛ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و ژمارەیەک لە سەرکردەی هێزە سیاسییەکانی شیعە و سوننە کۆدەبێتەوە، کە کاریگەرن لە گۆڕەپان و پرۆسەی سیاسیی عێراق.
بە گوێرەی راگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکاندا، وێڕای گفتوگرکردن لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە، چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، تاوتوێ دەکرێت.