هەولێر ئەزموونی پرۆژەی رووناکی دەگوازێتەوە بۆ بەغدا

عێراق دەیەوێت ئەزموونی پڕۆژەی رووناکی لە هەرێمی کوردستانەوە بگوازێتەوە، چونکە ئێستا زیاتر لە 85% دانیشتوانی هەرێمی كوردستان خاوەنی كارەبای 24 كاتژمێرین و لە ماوەی چەند مانگی داهاتووش کارەبای سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری. 

بە گوێرەی ئاماری پرۆژەی رووناكی لە هەرێمی كوردستان؛ نزیكەی شەش ملیۆن كەس لە هەرێمی كوردستان كارەبای 24 كاتژمێریان بۆ دابین كراوە؛ ئەمەش زیاترە لە 85% دانیشتوانیی هەرێمی كوردستان پرۆسەكەش بەردەوامە.

بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان؛ هەموو هاوبەشانی ماڵان کە یەكەمجار دەبنە بەشێک لە پڕۆژەی رووناکی لە داشکاندن بەڕێژەی 50%، 25% و 15% لەسەر پسوولەی کارەبا بۆ سێ مانگی یەکەم وەک بەشێک لە قۆناخی راگوزەری بۆ نرخە نوێیەکانی کارەبا سوودمەند دەبن. 

هەروەها زیاتر لە پێنج هەزار و 900 موەلیدەی کارەبای گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە کە دەکاتە نزیکەی 85%ی کۆی گشتی موەلیدەکانی کوردستان و تا کۆتایی ساڵی 2026یش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە زیاتر لە حەوت هەزار موەلیدە بکوژێنێتەوە.  

پڕۆژەی رووناكی بە كوژاندنەوەی موەلیدەكان؛ ساڵانە زیاتر لە یەك ملیۆن و 100 هەزار تۆن گازی سی ئۆ 2 لە ئاسمانی هەرێمی كوردستان كەم كردووەتەوە.

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت بڕی داشکاندنی 3.2 ملیار دیناری گەڕاندووەتەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان لەسەر  پسوولەکانی کارەبا بۆ مانگی سێ لە چوارچێوەی داشکاندن بەبڕی 20% لە کاتی پارەدان لەڕێگەی ئی-پسوولە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێناو ئاسانكاری تەواو كاروباری هاووڵاتییان و بە ئەلیكترۆنیكردنی سیستەمی دارایی؛ پرۆژەی ئی-پسوولەی دامەزراند؛ وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە؛ سیستەمی نوێی پسوولەکردنی تایبەت بە وەزارەتی کارەبا بەشێکە لە پڕۆژەی رووناکی و ئامانج لێی بریتییە لە باشترکردنی خزمەتگوزاری و پڕۆسەی پسوولەکردنە لە رێگەی سیستەمێکی یەکخراو.

پڕۆژەی ئی-پسوولە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە رۆژی 10ی شوباتی ئەمساڵ راگەیەندرا بۆ پارەدان بە شێوەی دیجیتاڵی. ئەم پڕۆگرامە لە لایەن بانکی ناوەندی عێراق (CBI) پەسەند کراوە.