فالح فەیاز: پارێزگاری لە ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا بە "مژدەبەخش" ناوبرد و جەختی لەسەر ئامادەیی لایەنەکان بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و غاز کردەوە.
شەممە، 23ـی ئایاری 2026، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا زۆر گرنگ و باش بوو، ئەم هەنگاوە مژدەیەکی دڵخۆشکەرە بۆ خێراکردن لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ."
فالح فەیاز ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باسیان لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی داخوازییەکانی خەڵکی عێراق کردووە. گوتیشی: "لێکتێگەیشتنەکان لە ئاستێکی زۆر باشدان. هیوادارین لە قۆناغی داهاتوودا هەنگاوی جددی بنێین بۆ دابینکردنی هەموو شایستە دەستوورییەکان، بە تایبەتی دەرکردنی یاسای نەوت و غاز و ئەو یاسایانەی دیکە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی رێکدەخەنەوە."
فالح فەیاز جەختی لە پرسی پاراستنی ئاسایش کردەوە و رایگەیاند: "ئێمە وەک چۆن بەرگری لە ئاسایشی هەموو عێراق دەکەین، بە هەمان شێوە بەرگری لە ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش دەکەین."