ترەمپ: لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی ناوچەکە باسمان لە رێککەوتن لەگەڵ ئێران کرد

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی "زۆر باش" لەگەڵ سەرکردەکانی هەشت وڵاتی گرنگی ناوچەکە، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و بەم نزیکانە رادەگەیەنرێت.

شەممە 23ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردووتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی "زۆر باشی" لەگەڵ سەرکردەکانی سعوودیە، ئیمارات، قەتەر، پاکستان، تورکیا، میسر، ئوردن و بەحرەین ئەنجام داوە سەبارەت بە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ "ئاشتی" لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.

ترەمپ رایگەیاند: "رێککەوتنەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتانی دیکەدا دانوستانی لەسەر کراوە و ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە."

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، کە بە جیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجام داوە و ئەویش بە هەمان شێوە "زۆر باش" بەڕێوە چووە.

دۆناڵد ترەمپ جەختی کردەوە کە ئێستا باس لە لایەنە کۆتاییەکان و وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە دەکرێت و بەمنزیکانە رادەگەیەنرێت، هەروەها گوتی: "جگە لە توخمەکانی دیکەی رێککەوتنەکە، تەنگەی هورمز دەکرێتەوە."

شەممە 23ـی ئایاری 2026، ئەکسیۆس بڵاوی کردەوە، بەرپرسێکی ئەمریکی ئاگاداری وردەکاریی دانوستانەکانە، پێی راگەیاندووە: "ئیدارەی ترەمپ و کۆماری ئیسلامی ئێران هەنگاوی زۆر گەورەیان ناوە و ئێستا زۆر نزیکن لە واژۆکردنی رێککەوتنێک بۆ راگرتنی جەنگ."

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو جیاوازی و کەلێنانەی هێشتا لە نێوان هەردوولادا ماون، زیاتر پەیوەستن بە نووسینەوەی لێکتێگەیشتنەکە و شێوازی داڕشتنی هەندێک لە خاڵەکان، نەک ناوەڕۆک و بنەما سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە.