بە هەماهەنگی وڵاتانی ناوچەکە، ترەمپ وادەی رێککەوتنی لەگەڵ ئێران دیاری کرد
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاشکرای کرد، رێککەوتن لەگەڵ ئێران "تا ئاستێکی زۆر دانوستانی لەسەر کراوە" و جەختی کردەوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا بە فەرمی رادەگەیەنرێت.
ترەمپ لە رێگەی پەیامێکی لە هەژماری تایبەتی تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" (Truth Social) ئاماژەی بەوە کرد، لە ناو نووسینگەی کۆشکی سپی، زنجیرەیەک پەیوەندی تەلەفۆنی "زۆر باشی" لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی ناوچەکە کردووە. مەبەست لەو پەیوەندییانە تاوتوێکردنی دۆسیەی ئێران و لێکگەیشتنەکان بووە سەبارەت بە رێککەوتنێکی ئاشتی چاوەڕوانکراو.
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا ناوی چەندین سەرکردەی هێناوە کە لەو بارەیەوە قسەی لەگەڵ کردوون، لەوانە: شازادە محەمەد بن سەلمان وەلی عەهدی سعوودیە، شێخ محەمەد بن زايد سەرۆکی ئیمارات، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر، هەروەها سەرۆکوەزیران و وەزیری دەوڵەتی قەتەر.
هەر بەگوێرەی گوتەکانی ترەمپ، ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە بەشداربوونی چەندین لایەنی دیکەی هەرێمایەتی بەخۆوە بینیوە، لەوانە: جەنەڕاڵ عاسم مونیر فەرماندەی سوپای پاکستان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆککۆماری میسر، شا عەبدوڵڵای دووەم پادشای ئوردن و شا حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە پادشای بەحرەین.
دوێنێ شەممە 23ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک ترەمپ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) رایگەیاند، بارودۆخەکە لە بەردەم دوو بژاردەدایە و گوتی: "پێموایە یەکێک لەم دوو شتە روودەدات؛ یان زۆر بە توندی لێیان دەدەین کە پێشتر وایان لێ نەدرابێت، یان رێککەوتنێکی باش واژۆ دەکەین."
ترەمپ لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، جارید کۆشنەر و جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک کۆببێتەوە بۆ پێداچوونەوە بەو رەشنووسە نوێیەی کە لە ئەنجامی دانوستانەکانی ئێران و پاکستان هاتووەتە کایەوە. هاوکات، بڕیارە ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بەکۆمەڵ لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو، میسر، ئوردن و تورکیا ئەنجام بدات بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکە.
لای خۆیەوە ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، تاران و واشنتن لە قۆناخی کۆتایی گفتوگۆکاندان بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن (MOU). بەپێی گوتەی ئێرانییەکان، یاداشتنامەکە ئەم خاڵانە دەگرێتەوە:
- کۆتاییهێنان بە جەنگ.
- کردنەوەی پلەبەندیی تەنگەی هورمز.
- لادانی گەمارۆکانی ئەمریکا و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران.
- ماوەی 30 بۆ 60 رۆژ بۆ دانوستانی وردتر لەسەر رێککەوتنێکی گشتگیر.
ترەمپ جەختی کردووەتەوە، تەنیا ئەو رێککەوتنە قبووڵ دەکات کە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم و پاشکۆی ئەتۆمی ئێران یەکلایی بکاتەوە.هاوکات مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاندووە پێشکەوتن هەیە، بەڵام پێویستە ئێران دەستبەرداری یۆرانیۆمی پیتێنراو بێت و گەرووی هورمز بە تەواوی و "بەبێ وەرگرتنی هیچ باج و سەرانەیەک" بکرێتەوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی ئیسرائیل، ترەمپ رایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە نێوان بژاردەکاندا "دابەشبووە". بەرپرسانی ئیسرائیلی ئاماژە بەوە دەدەن، ناتانیاهۆ زۆر نیگەرانە لەم رێککەوتنەی ئێستا باسی لێوە دەکرێت و داوای لە ترەمپ کردووە گەڕێکی دیکەی هێرشی سەربازی بکات.