خەزعەلی: هیوادارم کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارە ببن و بەم زووانە سەردانی کوردستان دەکەم
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هیوای خواست ئەم سەردانەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا، ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ چارەکردنی یەکجاریی کێشەکانی هەولێر و بەغدا و بەهێزکردنی لێکتێگەیشتنەکان لە قۆناغی پێکهێنانی حکوومەتی نوێدا.
یەکشەممە، 24ـی ئایاری 2026، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق، دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری بەغدا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان و ئاسۆی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای خستە روو.
لە سەرەتای گوتەکانیدا، قەیس خەزعەلی وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "بەخێرهاتنی برای بەڕێزم کاک مەسرور بارزانی بۆ بەغدا دەکەین، ئەو هەمیشە لەم شارەدا پێشوازیی لێ کراوە."
سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکە و دۆخی سیاسیی عێراق، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق ئاماژەی بەوە دا، کە هیوادارە ئەم سەردانە ببێتە هۆکاری بەهێزترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بنەبڕکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
هاوکات جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەم لێکتێگەیشتنانە، بە تایبەتی لە قۆناغی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ و لە سێبەری ئەو دۆخە هەستیارەی ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، زۆر گرنگن.
گوتیشی: "پشت بە خوا ئەم هەنگاوانە لە بەرژەوەندیی گشتیی ناوچەکەدا دەبن، ئەوەی پەیوەستیشە بە دۆخی ناوخۆی عێراق، لێکتێگەیشتنی باش هەیە بۆ ئەوەی بە تەواوی خزمەت بە وڵات ناوچەکە بگەیەنێت".
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، خەزعەلی نیازی خۆی بۆ بەردەوامیدان بەم جۆرە کۆبوونەوانە نیشان دا و ئاشکرای کرد کە دەیەوێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
هەروەها رایگەیاند: "چاوەڕوانم کاک مەسرور جارێکی دیکە سەردانمان بکاتەوە، چونکە ئێستا بووەتە ئەرکی سەرشانمان کە ئیدی ئێمەش سەردانی ئەوان بکەین."