مەسرور بارزانی: پشتیوانیی سەرۆک هۆزەکان هێزمان پێدەبەخشێت
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا پێشوازیی لە ژمارەیەک لە سەرۆک هۆزەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کرد و. لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر درێژەدان بەو دۆستایەتییە کرایەوە کە لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانییەوە بونیات نراوە.
رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ شاری بەغدا، پێشوازیی لە ژمارەیەک لە سەرۆک هۆز و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کرد.
لە میانی دیدارەکەدا، جەخت لە قووڵکردنەوەی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق کرایەوە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ ئەو دیدارە، رایگەیاند: "پشتیوانیی ئێوە هێز بە ئێمە دەبەخشێت. کاتێک ئەو پشتیوانییە دەبینین، دڵگەرم دەبین و شانازی دەکەین کە لە وڵاتێکدا پێكەوە دەژین و خاوەنی دۆستایەتییەکی پتەوین."
مەسرور بارزانی ئاماژەی بە رەگ و ریشەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان کورد و عەرەب کرد و گوتی: "ئێمە کار بۆ بەردەوامیدان بەو پەیوەندییە مێژووییە دەکەین کە لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانیی نەمرەوە هەبووە و لە سەردەمی سەرۆک بارزانیشدا پارێزگاریی لێ کراوە. بە هیواین ئەم پەیوەندییانە لەگەڵ ئێوەدا هەمیشە بەردەوام و نەپچڕاو بن."
لە بەرانبەردا، سەرۆک هۆزە بەشداربووەکانی دیدارەکە، خۆشحاڵیی خۆیان بۆ بینینی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئامادەیی خۆیان بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان نیشان دا.
یەکێک لە سەرۆک هۆزەکان رایگەیاند: "زۆر خۆشحاڵین بە بینینی جەنابتان، ئێوە جێگەی رێزی هەموو خەڵکن و بەڕاستی دەمانەوێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەین."
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا و وەک هێمایەک بۆ متمانە و رێزگرتن، یەکێک لە سەرۆک هۆزەکان چەکێکی جۆری (بڕنۆ)ـی کە تەمەنی زیاتر لە 100 ساڵ بوو، وەک دیارییەکی مێژوویی پێشکەش بە مەسرور بارزانی کرد و گوتی: "ئێمە چەک تەنیا دەدەینە کەسێک کە لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بێت، ئێوەش لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتییەدان و ئێمە شانازیتان پێوە دەکەین و مایەی سەربەرزیی ئێمەن."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد: "جەنابی سەرۆکوەزیران، هێزەکانی پێشمەرگە لە رابردوودا ئەم جۆرە چەکەیان بەکار هێناوە، بۆیە دەزانم جەنابیشت ئەم چەکەت بە دڵە و بەهای مێژووییەکەی دەزانیت."