تایسۆن و ئیبراهیمۆڤیچ بەیەكەوە دەیانەوێت یانەیەكی ئینگلیزی بكڕن

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ و تایسۆن فیۆری
زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ و تایسۆن فیۆری

بۆكسێنەری ناوداری بەریتانی تایسۆن فیۆری دەیەوێت لەگەڵ یەكێك لە دیارترین ئەستێرەكانی جیهان هاوبەشی بكات بۆ كڕینەوەی یانەیەكی ئینگلیزی.
پێگەی سەنی بەریتانیا، ئاشكرای كردووە كە تایسۆن فیۆری تەمەن 37 ساڵ، دەیەوێت هاوشانی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ یانەی مۆركامب ئێف سی بكڕێتەوە كە لە خولی پلە پێنجی ئینگلیزی یاری دەكات.
فیۆری هاوشانی ئیبراهیمۆڤیچ لە چەند رۆژی رابردوو بەیەكەوە لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا بەشدارییان لە ریكلامێك كرد كە تایبەت بوو بە مۆندیالی 2026.
لە ریكلامەكەدا فیۆری چاكەتێكی سەوزی درێژی پۆشیبوو، كڵاوێكیشی لەسەری بوو، لە بەرامبەردا ئیبراهیمۆڤیچ بە جلوبەرگێكی رەش و رەساسی دەركەوت.
پێگەی سەنی بەریتانیا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە فیۆری و زڵاتان لە كاتی وێنەگرتنی ریكلام بۆ مۆندیالی 2026 باسی بیرۆكەی كڕینەوەی یانەی مۆركامپیان كردووە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، فیۆری و زڵاتان بە جددی بیر لە كڕینەوەی ئەو یانەیە دەكەنەوە، تەنانەت پلانیان هەیە بەیەكەوە فیلمێكی دیكۆمێنتاری بەرهەمبهێنن بە ناوی "سەرهەڵدانی مۆركامب"، هەردووكیشیان باسیان لە چۆنیەتی راستكردنەوەی ئەو یانەیە كردووە كە یەكێكە لە دێرینترین یانەكانی بەریتانیا و مێژووی دروستبوونەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1920.