هومام حەموودی، سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا بە گرنگ و ئەرێنی وەسف کرد

سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، وەک هەنگاوێکی ئەرێنی و گرنگ بۆ چارەی بنەڕەتیی ناکۆکییەکان نرخێندرا. ئەم هەڵسەنگاندنە لە میانی کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و هومام حەموودیدا هات، کە تێیدا جەخت لەسەر پاراستنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان کرایەوە.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی زنجیرە کۆبوونەوەکانیدا لە شاری بەغدا، لەگەڵ هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق کۆبووەوە.

بە پێی راگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا تاوتوێی دۆخی سیاسیی عێراقیان کرد و بە گرنگییەوە باسیان لە قۆناغی ئێستای وڵات کرد.

هاوکات هەردوو لا هاوڕابوون لەسەر گرنگی پشتیوانیکردن لە حکوومەتی فیدراڵی، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هاووڵاتییان و دابینکردن و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا بە ئەرێنی نرخێنرا بە ئاراستەی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە چوارچێوەی دەستوور و لەسەر بنەمای رێزگرتن لە پرنسیپی هاوبەشیی راستەقینە .