ناتانیاهۆ: هەر رێککەوتنێک لەگەڵ تاران دەبێت بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران هەڵوەشێنێتەوە

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند شەوی رابردوو لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، گفتوگۆیان دەربارەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کردووە. جەختی کردەوە مەرجی ئەوان بۆ هەر رێککەوتنێک، بنبڕکردنی مەترسییە ئەتۆمییەکانی ئێرانە.

یەکشەممە 24ی ئایاری 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکدا ئاشکرای کرد، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی پابەندیی توندی ئەمریکای کردووە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، بەتایبەت لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی "نەڕەی شێر" و "تووڕەی داستانئاسا" (Epic Fury)، کە تێیدا هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پێکەوە رووبەڕووی هەڕەشەکانی ئێران بوونەتەوە.

ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوە دا، ئەو و ترەمپ رێککەوتوون لەسەر ئەوەی هەر رێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ ئێران، دەبێت مەترسییە ئەتۆمییەکان بە تەواوی لەناو ببات. روونیشی کردەوە ئەمە بە واتای "هەڵوەشاندنەوەی بنکەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران و گواستنەوەی تەواوی ماددە ئەتۆمییە پیتێنراوەکان بۆ دەرەوەی خاکی ئەو وڵاتە" دێت.

بەپێی پەیامەکەی ناتانیاهۆ، ترەمپ جارێکی دیکە جەختی لە مافی ئیسرائیل کردووەتەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆی بەرانبەر هەڕەشەکان لە هەموو بەرەکاندا، بە بەرەی لوبنانیشەوە. ناتانیاهۆ گوتی: "هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات لە مەیدانی جەنگدا سەلمێنراوە و هیچ کاتێک بەم شێوەیە بەهێز نەبووە."

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە سیاسەتی ئەو و ترەمپ هاوشێوەیە و جێگیرە: "ئێران نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."

شەممە 23ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردووتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی "زۆر باشی" لەگەڵ سەرکردەکانی سعوودیە، ئیمارات، قەتەر، پاکستان، تورکیا، میسر، ئوردن و بەحرەین ئەنجام داوە سەبارەت بە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ "ئاشتی" لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.

ترەمپ رایگەیاند: "رێککەوتنەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتانی دیکەدا دانوستانی لەسەر کراوە و ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە."

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، کە بە جیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجام داوە و ئەویش بە هەمان شێوە "زۆر باش" بەڕێوە چووە.

دۆناڵد ترەمپ جەختی کردەوە کە ئێستا باس لە لایەنە کۆتاییەکان و وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە دەکرێت و بەمنزیکانە رادەگەیەنرێت، هەروەها گوتی: "جگە لە توخمەکانی دیکەی رێککەوتنەکە، تەنگەی هورمز دەکرێتەوە."