ئەکسیۆس: رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران چەند رۆژێکی دەوێت

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند کە کۆشکی سپی پێشبینی ناکات ئەمڕۆ یەکشەممە رێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران رابگەیەنرێت. ئاماژەی بەوەش کرد واژۆکردنی رێککەوتنەکە پێویستی بە رەزامەندیی موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێران هەیە و رەنگە چەند رۆژێکی دیکە بخایەنێت.

یەکشەممە 24ی ئایاری 2026، ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپەوە بڵاوی کردەوە، هەرچەندە ئەمریکا گەشبینە بە گەیشتن بە رێککەوتن لە چەند رۆژی داهاتوودا، بەڵام جەخت دەکاتەوە هێشتا هیچ شتێک کۆتایی نەهاتووە. ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) داوای لە نوێنەرەکانی کردووە "پەلە نەکەن" و گوتی: "پێویستە هەردوولا کاتی خۆیان وەربگرن بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە بە دروستی ئەنجام بدەن."

بەرپرسە ئەمریکییەکە ستراتیژی ئیدارەی ترەمپی بۆ رێککەوتنەکە روونکردەوە و گوتی: ئەگەر ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراو رادەست نەکات، هیچ ئاسانکارییەکی بۆ ناکرێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ پارەیەکی بلۆککراو بە شێوەیەکی خێرا ئازاد ناکرێت و لادانی گەمارۆکان تەنیا بەرانبەر بە پاشەکشەی ئەتۆمیی ئێران دەبێت. واشنتن داوا دەکات رێککەوتنەکە 2000 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بگرێتەوە.

بەپێی رەشنووسەکە، ئێران رازی بووە تەنگەی هورمز بکاتەوە و لە بەرانبەردا ئەمریکا گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئەو وڵاتە لادەبات. ئەم هەنگاوە "هەناسەیەک" بە ئابووری جیهان دەدات تاوەکو لایەنەکان لەسەر وردەکارییەکانی سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکە دانوستان بکەن.

راپۆرتەکەی ئەکسیۆس ئاماژە بەوە دەکات، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە توندی نیگەرانە و گومانی هەیە رێبەری ئێران رێککەوتنەکە پەسەند بکات. لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ترەمپ، ناتانیاهۆ جەختی کردووەتەوە، ئیسرائیل "ئازادیی کارکردنی خۆی دەپارێزێت" بۆ لێدانی هەر هەڕەشەیەک لە هەموو بەرەکان، بە لوبنانیشەوە. ناتانیاهۆ داوای کردووە هەر رێککەوتنێکی کۆتایی دەبێت بنکەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم لەناو ببات.

لە کاتێکدا هەندێک لە کۆمارییەکان رەخنە لەم رێککەوتنە دەگرن، ترەمپ بەرگری لە هەنگاوەکانی دەکات و دەڵێت رێککەوتنەکەی ئۆباما "خراپترین رێککەوتن" بووە، بەڵام ئەمەی ئێستا "تەواو پێچەوانەی" ئەوەیە و رێگری لە ئێران دەکات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

دانوستانەکان لەسەر نووسینەوەی رەشنووسەکە بە وردی بەردەوامن. بەرپرسە ئەمریکییەکە دەڵێت: "تێگەیشتنی ئێمە وایە کە موجتەبا خامنەیی چوارچێوە گشتییەکەی پەسەند کردووە، بەڵام ئەوەی ئایا دەبێتە رێککەوتنی واژۆکراو، هێشتا وەک پرسیارێکی کراوە ماوەتەوە."