کۆنگرێسمانەکان لە بارەی رێککەوتن لەگەڵ ئێران بوونەتە دووبەرە

یاسادانەرانی ئەمریکا لە میانی بەشدارییان لە بەرنامە گفتوگۆییەکانی رۆژی یەکشەممەدا، بە دابەش بوون بەسەر هەردوو بەرەی پشتگیریکردن و رەتکردنەوەی رێککەوتنێکی ئەگەری بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران، زۆربەی کۆمارییەکان پشتگیرییان لەو هێڵە گشتییانە کرد کە دۆناڵد ترەمپ لەسەریان دانوستان دەکات، لە کاتێکدا دیموکراتەکان رێککەوتنەکەیان بە هەنگاوێکی کەمبایەخ لە قەڵەم دا.

یەکشەممە 24ـی ئایاری 2026، سیناتۆری دیموکراتەکان، کریس ڤان هۆلین رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە تەنها گەڕانەوەیە بۆ "دۆخی پێش جەنگ" و بە هەڵەیەکی گەورەی ناوبرد، گوتیشی: "کاتێک چاڵێک هەڵدەکەنیت دەبێت لە هەڵکەندن بوەستیت، وادیارە ئێمە دواجار خەریکی ئەوەین".

لە بەرانبەردا، مایک لۆلەری سیناتۆری کۆمارییەکان، ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیران، ستایشی شێوازی مامەڵەی ترەمپی کرد و گوتی: "بۆ یەکەمجار لە ماوەی 47 ساڵدا، ئیدارەی ئەمریکا توانی ئێران ناچار بکات بێتە ناو دانوستانێکی راستییەوە".

هاوکات، کۆری بووکەر لە پارتی دیموکراتەکان رەخنەی توندی گرت و گوتی،" ترەمپ لەم دانوستانانەدا "فێڵی لێ دەکرێت" و ئێستا گەرووی هورمز بووەتە کارتی فشار بۆ ئێران، بەڵام بێڵ هاگەرتی، سیناتۆری کۆماری، جەختی کردەوە، هەر رێککەوتنێک مەرجی زۆر توند لەخۆ دەگرێت بۆ رێگری لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا ئێران لە پێگەیەکی زۆر لاوازدایە.

لەلایەکی دیکەشەوە، تۆم تیلیسی کۆماری کە بە رەخنەگر لە ترەمپ ناسراوە، ئاماژەی بە گۆڕانی هەڵوێستی حکوومەت کرد و گوتی،" پێشتر پێمان دەوترا بەرگرییەکانی ئێران تێکشکاون و دەستبەسەرداگرتنی ماددە ئەتۆمییەکان تەنها کاتی دەوێت، کەچی ئێستا باس لە هێشتنەوەی ماددە ئەتۆمییەکان لە ناو ئێراندا دەکرێت، ئەمەش بەلای منەوە کارێکی بێمانایە.

ئەم هەڵوێستەی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا لە دوای ئەوە هات، یەکشەممە 24ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، رێککەوتنی ئەتۆمیی پێشووی ئێران کە لەلایەن ئیدارەی ئۆباماوە واژۆ کرابوو، "خراپترین رێککەوتن" بووە و ڕێگەی بۆ ئێران خۆش کردووە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەو دانوستانانەی ئێستا ئیدارەکەی ئەنجامی دەدەن "تەواو پێچەوانەی" ئەوەیە.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد نوێنەرەکانی راسپاردووە پەلە نەکەن لە گەیشتن بە رێککەوتن، چونکە بە گوتەی ئەو "کات لە بەرژەوەندی ئەمریکایە." گوتیشی: "گەمارۆدانی ئابووری بە هەموو هێز و کاریگەرییەکەوە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی رێککەوتنێکی فەرمی دەکرێت و واژۆ دەکرێت. پێویستە هەردوولا کاتی پێویست وەربگرن بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە بە دروستی ئەنجام بدەن، چونکە نابێت هیچ هەڵەیەک هەبێت".

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران بەرەو قۆناغێکی "پڕۆفیشناڵتر و بەرهەمدارتر" دەچێت، بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە کە ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی پەرەپێبدات یان بەدەستی بهێنێت.

ترەمپ سوپاسی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد بۆ هاوکاری و پشتیوانییان و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هاوکارییانە لە رێگەی "رێککەوتننامەی مێژوویی ئیبراهیم" بەهێزتر دەبن، گوتیشی: "کێ دەزانێت، رەنگە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بیەوێت پەیوەندی بەو رێککەوتننامەیەوە بکات".