کاندیدە کوردەکان لە حەسەکە و قامشلۆ سەرکەوتنیان بەدەستهێنا
لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سووریادا، ژمارەیەک کاندیدی کورد لە بازنەکانی قامشلۆ، حەسەکە، کۆبانێ و دێرک توانییان سەرکەوتن بەدەستبهێنن و بگەنە ئەنجوومەنی گەل. نوێنەرە کوردەکان رایدەگەیەنن دەبنە دەنگ و رەنگی گەلەکەیان و لە ناو پەرلەماندا داکۆکی لە مافە رەواکانی کورد دەکەن.
یەکشەممە 24ـی ئایاری 2026، ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگای حەسەکە و ناوچەکانی دیکە راگەیەندرا، کە تێیدا چەندین کەسایەتی سیاسی و یاسایی کورد کورسییەکانی پەرلەمانیان مسۆگەر کردووە.
کاندیدە سەرکەوتووەکان بەپێی بازنەکان:
لە بازنەی قامشلۆ: پارێزەر رزوان سیدۆ، سەرۆکی دەستەی یاسایی ENKS، عەبدولحەلیم عەلی، کیم ئیبراهیم و مەحموود مادی.
لە بازنەی حەسەکە: فەسڵە یووسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ENKS، ئیبراهیم عەلی و عومەر حایس.
لە بازنەی کۆبانێ: پارێزەر فەرهاد شاهین، سەرکردە لە پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا PDK-S) و شەواخ ئیبراهیم ئەساف.
لە بازنەی دێرک: ئەحمەد موراد و عەلوان عەلی.
نوێنەرە کوردە سەرکەوتووەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەرکی سەرەکییان گەیاندنی دەنگی گەلی کوردە بۆ ناو پەرلەمان. حوسێن رەعد، ئەندامی کۆمیتەی هەڵبژاردن لە قامشلۆ، لەبارەی ئەرکی نوێنەرەکانەوە رایگەیاند: "ئەگەر هەڵبژێردراوەکان خەمی گەلەکەیان هەڵبگرن و ببنە دەنگی راستەقینەی خەڵک لە پەرلەماندا، دەتوانین بڵێین ئەرکی خۆیان بە سەرکەوتوویی ئەنجام دەدەن و دەبنە جێگەی خواستی گەلی سووریا بە گشتی."