پەرستوو کارزان ئەلبوومێکی نوێ بڵاودەکاتەوە
پەرستوو کارزان، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین ئەلبوومی خۆی بەناوی "سەد مەرحەبا"، بەمزووانە بڵاودەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 25ی ئایاری 2026، پەرستوو کارزان، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ بە کوردستان24ی گوت، "ئەلبوومێکی 12 تراکیم ئامادەیە، یەکەم بەرهەمی ئەم ئەلبوومە بەناوی "سەد مەرحەبا"، لە شەوی جەژنی قوربان بڵاودەکرێتەوە؛ گۆرانییەکە کە پێشوازییەکی جەژنانە بۆ خەڵک و گوێگرانی میوزیک، هەروەها ئەم گۆرانییە بە هەستی خۆشەویستی، شادی و هەوای جەژن تێکەڵکراوە و هیوادارم ببێتە یەکێک لەو بەرهەمانەی کە لە ماڵ و کۆبوونەوەکانی جەژن بەردەوام گوێی لێ بگیرێت."
پەرستوو کارزان گوتیشی، "من ماوەیەکی زۆر خەریکی تۆمارکردن و کارکردن لەسەر ئەم ئەلبوومە نوێیە بووم و هەوڵم داوە لە هەر تراکێکدا شتێکی نوێ و جیاواز پێشکەش بکەم. هەروەها ئەم ئەلبوومە تەنیا کۆمەڵێک گۆرانی نییە، بەڵکو ئەزموونێکی تەواوی هونەرییە کە تێیدا هەوڵ دەدەم هەست و ژیانی رۆژانەی خەڵک بە زمانێکی موزیکی بگوازمەوە."
ئەو خانمە هونەرمەندە باس لە شێوازی ئەلبوومەکەی دەکات و دەڵێت، "لە ناو 12 تراکەکەدا، جۆراوجۆرییەکی زۆر لە ستایل و ئاراستەی موزیکی دەبینرێت؛ لە گۆرانییە سۆزدارییەکانەوە بۆ گۆرانییە خێرا و گەرمەکان، هەروەها بەشێکی تر کە رەنگ و بۆنی فۆلکلۆری کوردییان تێدایە. بۆیە من پێم وایە ئەم جۆراوجۆرییە وا دەکات هەر گوێگرێک بتوانێت بەشێک لە هەست و ئارەزووەکانی خۆی لەم ئەلبوومەدا بدۆزێتەوە."
پەرستوو کارزان ئاماژەی بەوەش دا، "لە هەمان کاتدا، پلانی تایبەتم بۆ ڤیدیۆ کلیپەکانیش داناوە. دوای بڵاوکردنەوەی "سەد مەرحەبا"، هەر دوو مانگ جارێک تراکێکی دیکە بە کلیپی تایبەت بڵاودەکەمەوە، تا لە کۆتایی ساڵدا هەموو 12 گۆرانییەکە بە شێوەی ڤیدیۆیی پێشکەش بکرێن. ئەم پلانە بۆ ئەوەیە تا گۆرانییەکانم پەیوەندییەکی بەردەوام لەگەڵ جەماوەر دروست بکات و هەر ماوەیەک بەرهەمێکی نوێ بخەمە بەردەم گوێگران."
ئەو خانمە هونەرمەندە باسی لەوەش کرد، "ئەم ئەلبوومە نوێیەم دەتوانێت جێگەی تایبەتی خۆی لە نێو گوێگرانی موزیکی کوردی بدۆزێتەوە، چونکە هەموو تراکێک بە هەست و ماندووبوونێکی زۆر ئامادەکراوە و هەوڵم داوە تێیدا هەم رۆحی موزیکی نوێ بپارێزرێت و هەم رەسەنایەتی هونەری کوردی."
پەرستوو کارزان، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، خەڵکی بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە. خاوەنی چەندین بەرهەمی تۆمارکراوە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.