هاووڵاتیان ئامادەکاریی بۆ جەژن دەکەن
لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، بازاڕەکان پڕ دەبن لە رەنگ و سیمای جەژن، لە نێوان ئەو هەموو خەڵکەدا، منداڵان زیاتر لە هەر کەسێکی دیکە چاوەڕێی جەژنن، بە دڵێکی پڕ لە خۆشی و هیوا، خەریکی هەڵبژاردنی جلە نوێکانن. چونکە جەژن لە چاوی منداڵاندا واتایەکی تایبەتی هەیە.
دیدەن محەمەد، قوتابی بە کوردستان24ـی راگەیاند، من خۆم بۆ جەژن ئامادەکردووە، تیشێرت وپانتۆڵم کڕیووە، سەردانی ماڵی پور و خزمەکانم دەکەم، یاری دەکەم و مۆبایل و ئایپاد بەکارناهێنم، شەوی پێش جەژن جلەکانم لە تەنیشت خۆم قەد دەکەم.
لە دێر زەمانەوە جەژن تەنها بۆنەیەک نەبووە بۆ منداڵان، بەڵکو چاوەڕوانییەکی گەورە بووە بۆیان، نیاز 15 ساڵە جلوبەرگی منداڵان دەفرۆشێت لەبازاڕی لەنگەی هەولێر، زۆر هەست بە گۆڕانکاری دەکات بەبەراورد بە 10 ساڵ لەمەوبەر.
نیاز حەمەدەمین، دووکاندار دەڵێت: جیاوازی ئێستا و رابردوو زۆر زۆرە، منداڵانی ئێستا ئارەزوویان لە جەژن نییە و جاری وا هەیە لەگەڵ دایکیان دێن کەچی هیچ سەیری جل ناکەن لەبەر مۆبایلی دەستیان، نازانن جەژن چییە پێشتر جیاواز بوو منداڵان خۆیان بۆ جەژن ئامادە دەکرد و جلی جەژنیان لا بەقەدر بوو، سەردەمی من جلی جەژنمان لەتەنیشت خۆمان دەخەواند.
لە نێوان یادەکانی جاران و خێرایی ژیانی ئەمڕۆدا، هێشتا جەژن بۆ زۆر کەس بۆنەی خۆشی و چاوەڕوانییە، بەڵام ئەو جۆش و خڕۆشییەی منداڵان بۆ جیلی ئاڵتوونی هەیانبوو، ئێستا تەنها وەک یادگاریەکی شیرین ماوەتەوە لە مێشکی نەوەی پێشوو