دهۆک.. شانۆگەری "دەریاڤانێ خولیسەر" نمایش کرا
شانۆگەری "دەریاڤانێ خولیسەر"، لە دەرهێنانی کارڤان لوقمانە، لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی دهۆک لە هۆڵی خانی نمایش کرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 25ی ئایاری 2026، کارڤان لوقمان، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە کوردستان24ی گوت، "ئەو شانۆگەرییە لە نووسینی ژان کوکتوە و سەرحان ئەحمەد وەرگێڕانی بۆ دەقەکە کردووە، سەرپەرشتیاری گشتی نمایشەکە لەلایەن فەخرەدین تەها بووە و خۆم کاری ئامادەکردن و دەرهێنانم بۆ کردووە. نمایشەکە گەشتێکی فکری و هەستیار بوو بۆ دونیای ناوەوەی مرۆڤ و ئەو شەپۆڵانەی لە ژیانی رۆژانەدا رووبەڕوویان دەبێتەوە."
کارڤان لوقمان گوتیشی، "لە ناونیشانی نمایشەکەوە، "دەریاڤان"، وەک هێمای مرۆڤێک دێتە پێشچاو کە لە دەریایەکی بێسنووری ژیاندا گەڕان و خەبات دەکات، بەڵام "خولیسەر"، هێمای ئەو بارودۆخە دەروونی و هێزە نادیارەیە کە لەسەر مرۆڤ زاڵ دەبێت. بەم شێوەیە، شانۆگەرییەکە بە زمانی هێما و وێنەی هونەری، باس لە ترس، هیوا، چارەنوس و خەونی مرۆڤ دەکات."
ئەو دەرهێنەرە باس لە رۆڵی کارەکتەرەکان دەکات و دەڵێت، "دەریا لەم نمایشەدا تەنیا شوێنێکی سروشتی نییە، بەڵکو وەک هێمای ژیان و نەناسراوی دەردەکەوێت؛ شوێنێک کە تێیدا مرۆڤ بەردەوام لە نێوان رزگاربوون و ونبووندا دەجولێتەوە. کاراکتەرەکانیش هەر یەکەیان نوێنەرایەتی ئامانج و ئارەزووە جیاوازەکان دەکەن؛ هەندێکیان بەدوای پارە و دەسەڵاتن و هەندێکی دیکەش بەدوای مانای ژیان و ئارامی دەگەڕێن."
کارڤان لوقمان ئاماژەی بەوەش دا، "یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی نمایشەکە، پێگەی ژن بوو کە بە شێوازێکی مۆدێرن و جیاواز خراوەتە روو. ژن لەم کارەدا تەنیا کارەکتەرێکی لاوەکی یان قوربانی نییە، بەڵکو هێمای خۆڕاگری، وەفاداری و هیوا بوو. لە رێگەی جوڵە و دەربڕینی جەستەیی ئەکتەرەکانەوە، هێزی ژنی کوردی و ئازارەکانی بە شێوازێکی کاریگەر نیشان دران؛ ژنێک کە لەگەڵ بارە قورسەکانی ژیان دەژی، بەڵام هێشتا توانای بەردەوامبوون و بەرگری هەیە."
ئەو دەرهێنەرە لە رووی تەکنیکییەوە باس لە نمایشەکە دەکات و دەڵێت، "لە رووی تەکنیکییەوە، دەرهێنان، رووناکی، سینۆگرافیا و بەکارهێنانی موزیک و جوڵەی ئەکتەران، هەموویان توانیان کەشێکی پڕ لە هەست و راچڵەکاندن دروست بکەن. نمایشەکە هەوڵیدا بە شێوازێکی هونەری، پرسیارێکی قووڵ بخاتە بەردەم بینەر؛ ئایا مرۆڤ دەتوانێت خۆی لە دەریای ناوەوەی خۆی رزگار بکات؟."
شانۆگەری "دەریاڤانێ خولیسەر"، لە دەرهێنانی کارڤان لوڤمانە، هەر یەکە لە، بەژار ئاڤا، هەڵبەست میقداد، ئادار لەزگین، سامان محەمەد رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.