دوای 87 رۆژ پزیشکیان فەرمانی گەڕاندنەوەی ئینتەرنێتی لە ئێران دەرکرد

مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، بڕیارێکی بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە ئێران دەرکرد، دوای ئەوەی لە سەرەتای جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە مانگی شوباتی رابردووەوە بڕابوو.

دووشەممە 25ـی ئایاری 2026، میدیا ناوخۆییەکانی ئێران رایانگەیاند، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، مەرسوومێکی رادەستی وەزارەتی پەیوەندییەکان کردووە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بگەڕێتەوە سەر دۆخی پێش مانگی کانوونی دووەم.

ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی لە کاتی خۆپیشاندانە فراوانەکان لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا لە ئێران راگیرابوو، دواتر لە 28ـی شوباتدا لەگەڵ دەستپێکردنی ھێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە تەواوی بڕدرا، لەو کاتەوە، ئێرانییەکان تەنھا دەیانتوانی دەستیان بە ماڵپەڕ و پلاتفۆرمە ناوخۆییەکانی سەر بە تۆڕی نیشتمانی بگات.

تا ئێستا دیار نییە کەی و چۆن ئینتەرنێتی جیھانی دەگەڕێتەوە، بەڵام ماڵپەڕی "نێتبلۆکس" کە چاودێری پچڕانی ئینتەرنێت دەکات رایگەیاندووە، زۆربەی ئێرانییەکان ماوەی 87 رۆژە ناتوانن دەستیان بە تۆڕی جیھانی ئینتەرنێت بگات و تەنھا ژمارەیەکی کەم لە هاووڵاتیان لە رێگەی "ڤی پی ئێن"ە گرانبەھا و پێشکەوتووەکانەوە توانیویانە بەربەستەکان ببڕن.

دەستگەیشتنی ئێرانییەکان بە ئینتەرنێت لە بارودۆخی ئاساییشدا بەھۆی سانسۆرەوە سنووردارە و دەسەڵاتداران زیاتر پشت بە تۆڕێکی ناوخۆیی دەبەستن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، بە تایبەت بۆ خوێندنگەکان کە لە ئێستادا پڕۆگرامی خوێندنیان لە رێگەی ئینتەرنێتەوەیە.