حاجیان بەرەو کێوی عەرەفە بەڕێکەوتن و روکنە گەورەکەی حەج بەجێ دەهێنن
بەرەبەیانی ئەمرۆ سێشەممە، 26ـی ئایاری 2026، کە دەکاتە نۆی زیلحجە، حاجیان بەرەو کێوی عەرەفە بەڕێکەوتن، کە روکنێکی گەورەکەی پڕۆسەی حەجە و تا ئێوارە لەوێ دەمێننەوە.
حاجیان لە سنوورەکانی عەرەفاتدا جێگیر دەبن، کە بە تابلۆ و نیشانەی رێنوێنی دیاری کراون، چونکە تەواوی خاکی عەرەفات بە شوێنی راوەستان (موقف) بۆ حاجیان ئەژمار دەکرێت.
لەگەڵ هاتنی کاتی نوێژی نیوەڕۆ، وتاری رۆژی عەرەفە پێشکەش دەکرێت کە تێیدا ئامۆژگاری، رێنوێنی و بیرهێنانەوەی فەزڵە گەورەکانی ئەم رۆژە دەخرێنە روو، دواتر حاجیان نوێژەکانی نیوەڕۆ و عەسری بە شێوازی (کۆکردنەوە و کورتکردنەوە - جمع وقصر) بەجێ دەهێنن، وەک پەیڕەوکردنێک بۆ سوننەتی پێغەمبەر محەمەد (د.خ).
لەگەڵ خۆرئاوابوون، حاجیان بەرەو مەشعەری "موزەدەلیفە"، دەکەونە رێ و لەوێ نوێژەکانی مەغریب و عیشا بە کۆکردنەوە و کورتکردنەوە دەکەن و شەویش لەوێ دەمێننەوە.
لە رۆژی دووشەممە، 25ـی ئایاری کە دەکاتە 7ـی زیلحەجە، گەیشتنی حاجیان بۆ مەشعەری "مینا" بە مەبەستی بەسەربردنی "رۆژی تەرویە" کۆتایی هات، هەروەها لایەنە پەیوەندارەکان سیستمێکی تۆکمەیان بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆ و پاراستنی حاجیان گرتبووە بەر.
رۆژی تەرویە یەکێکە لە وێستگە سەرەکییەکانی گەشتی حەج، کە تێیدا حاجیان شەو لە "مینا" دەمێننەوە وەک پەیڕەوکردنی سوننەت، پێش ئەوەی بەرەو عەرەفات بەڕێ بکەون.
حاجیان لە رۆژی تەرویەدا دەچنە مینا، هەروەها لە رۆژی جەژن و رۆژانی "تەشریق"یشدا دەگەڕێنەوە بۆ ئەوێ، مینا یەکەمین مەشعەری پیرۆزە کە حاجیان لە مەککە رووی تێدەکەن و دۆڵێکە کە بە درێژایی ساڵ کەسی تێدا ناژی تەنیا لە وەرزی حەجدا نەبێت.
مینا دەکەوێتە نێوان مەککەی پیرۆز و موزەدەلیفە، نزیکەی 7 کیلۆمەتر لە مزگەوتی حەرامەوە دوورە و لە ناو سنووری حەرەمدایە.
رووبەرە شەرعییەکەی نزیکەی 16.8 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، دۆڵێکە کە لە باکوور و باشوورەوە بە چیا دەورەدراوە، لە لای مەککەوە بە "جەمرەی عەقەبە" و لە لای موزەدەلیفەشەوە بە "دۆڵی موحەسسەر" سنووردار کراوە.
رۆژی شەممە، 23ـی ئایاری 2026، ساڵح ئەلموربەع، فەرماندەی هێزەکانی پاسپۆرت لە حەج رایگەیاند، سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی گەشتکردن و ئەو دۆخە نائارامەی بەهۆی شەڕی ناوچەکەوە دروستبووە، زیاتر لە 1.5 ملیۆن حاجی لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج گەیشتوونەتە ناو خاکی سعوودیە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ژمارەیە بەراورد بە ئامارەکانی ساڵی 2025 زیادی کردووە.
سەبارەت بە رێگاکانی گەیشتنی حاجییان، فەرماندەی هێزەکانی پاسپۆرت ئامارەکانی بەم شێوەیە خستە ڕوو:
1,457,514 حاجی لە رێگەی ئاسمانییەوە گەیشتوون.
45,141 حاجی لە رێگەی وشکانییەوە گەیشتوون.
6,497 حاجی لە رێگەی دەریاوە گەیشتوون.
ئهمساڵ بۆ پرۆسهی حهج 5120 كهس له هەرێمی كوردستان گهیشتوونهته سعوودیه كه 2752 پیاو و 2368 ئافرهتن.