سێنتکۆم: باشووری ئێرانمان بۆردومان کرد
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئایاری 2026، کاپتن تیم هاوکینز، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە فۆکس نیوزی رایگەیاند؛ هێرشیان کردووەتە سەر چەند بەلەمێک لە باشووری ئێران, ئەمەش وەک کردەیەکی بەرگریی کردن لە خۆ بۆ پاراستنی هێزەکانیان لە هەڕەشەکانی ئێران.
بەگوێرەی گوتەی هاوکینز، هێرشەکان شوێنی هاویشتنی مووشەک و چەند بەلەمێکی ئێرانییان کردووەتە ئامانج کە هەوڵی چاندنی مینیان دەدا. سوپای ئەمریکا جەختی کردووەتەوە، لەگەڵ پاراستن و دانبەخۆداگرتن لە ماوەی ئاگربەست، بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە هێزەکانیان.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی "دانشجو"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوە ناوخۆییەکانەوە بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل چەند پارچە دەریاییەکیان لە باشووری دوورگەی لارک کردووەتە ئامانج و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان چوار کەس کوژراون.
لەلایەلی دیکەوە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاوی کردەوە، دەنگی سێ تەقینەوە لە بەندەر عەباس و سیریک و جاسک بیستران.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ئاشکرای کرد، دوو بەلەمی ئێرانی لە کاتی چاندنی مین لە گەرووی هورمز بینراون، هەروەها هێزە ئەمریکییەکان وەڵامی بنکەیەکی مووشەکییان داوەتەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکای کردبووە ئامانج. لە ئەنجامدا، سوپای ئەمریکا هەردوو بەلەمەکەی سوپای پاسدارانی لەناوبردووە و هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی مووشەکی لە بەندەر عەباس.
دوورگەی لارک کەوتووەتە نزیک گەرووی هورمز. لە هەفتەکانی رابردوودا واشنتن و تاران یەکتریان بە هەڕەشەکردن لە گەشتی دەریایی و چاندنی مین لەو گەرووە ستراتیژییە تۆمەتبار کردووە.