گواستنەوەی غازی شل بە رۆژ قەدەغە دەکرێت

وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروست کراوە
وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروست کراوە

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بڕیاری دا بە قەدەغەکردنی گواستنەوەی غازی شل بە رۆژ لە وەرزی گەرمادا بۆ رێگریکردن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو.

ئەمڕۆ سێشەممە، 26ی ئایاری 2026، راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی شۆفێرانی ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی غازی شلی ئاگادار کردەوە، بەپێی رێنمایی ژمارە یەکی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆ لە ماددەی چواردا، لە رێکەوتی 1ی حوزەیرانی 2026 بە هۆی دەستپێکردنی وەرزی گەرماوە گواستنەوەی غازی شل بە رۆژ قەدەغە دەکرێت. 

بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، ماوەی قەدەغەکردنەکە تا 1ی تشرینی یەکەمی 2026 دەبێت. 

هاتوچۆی هەولێر روونیشی کردەوە، ئامانج لەم بڕیارە پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییانە و هەر ئۆتۆمبێلێک بە رۆژ ئەو کارە بکات، رێکاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتە بەر.

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە عێراق و هەرێمی کوردستان، مەترسیی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە بارهەڵگرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی و غازی شل زیاد دەکات. بەو هۆیەوە، دەزگاکانی هاتوچۆ و بەرگریی شارستانی رێکاری توند دەگرنە بەر بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکان.

 وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی دەرکردنی چەند رێنماییەکەوە، جووڵەی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە رێک دەخاتەوە و لە کاتەکانی نیوەڕۆ و سەرلەئێوارەدا جووڵەیان پێ قەدەغە دەکات. ئەمەش وەک هەنگاوێکە بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی فشاری زۆر لەسەر تانکەرەکانی غاز بەهۆی بەرکەوتنیان بە تیشکی خۆر بۆ ماوەیەکی درێژ.