بەریتانیا.. پێشانگەیەکی شێوەکاری هاوبەش کرایەوە

پێشانگەیەکی شێوەکاری هاوبەش، بەبەشداری 13 هونەرمەند، لەژێر ناوی " ئەفسانە کوردییەکان"، لە ناوەندی کولتووری و هونەری نۆتینگ هیڵ لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کرایەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 26ی ئایاری 2026، مەریوان جەلال، شێوەکار و رێکخەری پێشانگە شێوەکارییەکە بە کوردستان24ی گوت، "ئەو پێشانگەیە کە تێیدا 13 هونەرمەند تێیدا بەشدارن، کارە هونەرییەکان تیشک دەخەنە سەر جوانیی سروشت، رەنگی ژیان و رۆحی کولتووری کوردی، کە بە شێوەیەکی هونەری و هەستیار لە تابلۆکاندا رەنگی داوەتەوە. هەر تابلۆیەک وەک چیرۆکێک وایە کە بینەر دەباتە ناو دنیایەکی پڕ لە خەیاڵ، ئارامی و بیرەوەری، و هەستێکی تایبەت بە سروشتی کوردستان و ژیانی مرۆڤ دروست دەکات."

مەریوان جەلال گوتیشی، "لە ناوەڕۆکی ئەم پێشانگەیەدا، شێوە و رەنگ بە زمانێکی تایبەتی هونەری دەگەنە یەکتر، بۆ ئەوەی هەست و بیرۆکەکان بە شێوەیەکی ئازاد و داهێنەرانە بگوازنەوە. کاریگەریی رووناکی، جوڵەی رەنگەکان و تێکەڵبوونی سروشت و خەیاڵ، هەوڵێکن بۆ دروستکردنی دیمەنێکی شاعیرانە کە بینەر لەگەڵ خۆی دەبات بۆ ناو هەست و یادەکان."

ئەو هونەرمەندە باس لە گرنگی پێشانگە شێوەکارییەکە دەکات و دەڵێت، "هەروەها پێشانگەکە بانگهێشتێکە بۆ ناسینەوەی جوانییە شاراوەکانی کوردستان، ئەو شوێنانەی لە نێوان چیایەکان، رووبارەکان و ئاسمانی فراواندا رۆحی ئازادی و ئارامی هەڵگرتووە. تابلۆکان بە شێوازێکی نزیک لە هەست و خەیاڵ، کات و شوێن، بە شێوەیەکی هەستیار دەنوێننەوە، بە جۆرێک کە بینەر هەست بە نزیکبوون لە سروشت و بیرەوەرییەکان دەکات."

مەریوان جەلال ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم پێشانگەیە تەنیا پیشاندانی کارە هونەرییەکان نییە، بەڵکو دەرگایەکە بۆ گفتوگۆی نێوان هونەر، کولتوور و هەستە مرۆییەکان. هەوڵێکە بۆ ئەوەی هونەری کوردی بە زمانی جیهانی بدرەوشێتەوە و پیشانی بدات کە هونەر دەتوانێت سنوورەکان ببڕێت و مرۆڤەکان لە رێگەی جوانی و هەستەوە یەک بخاتەوە."

ئەو پێشانگە شێوەکارییە هەر یەکە لە، عەباس مەندە، ئاریان لەتیف، چیا فەتحی، فەلاح شوان، گەیلان عەبدوڵا، حەمە هاشم، هیوا عەزیز، جەمشید پۆڕەوزان، لوقمان ئەحمەد، ماهر ستار، مەریوان جەلال، ساکار فاروق، شیلان هوشیاری تێیدا بەشداربوون."

 

پێشانگەی شێوەکاری "ئەفسانە کوردییەکان"، ئەمڕۆ سێشەممە، 26ی ئایاری 2026، لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کرایەوە و ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.