ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەی نوێی باڵی سەربازیی حەماس رادەگەیەنێت

حەماس رەتی دەکاتەوە

ئیسرائیل رایگەیاند, فەرماندەی نوێی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام (باڵی سەربازیی حەماس)ی لە هێرشێکی ئاسمانیی نێو غەززەدا کوشتووە. هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ دووپاتی کردەوە، ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی حزبوڵڵای لوبنانی بەردەوامن و تا ئێستا زیانێکی زۆر گەورەیان بەو گرووپە گەیاندووە.

سێشەممە 26ی ئایاری 2026، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری رایانگەیاندوو، سوپای ئیسرائیل توانیویەتی "محەمەد عۆدە" فەرماندەی نوێی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام (باڵی سەربازیی حەماس) بکاتە ئامانج، کە هەفتەیەک لەمەوبەر وەک جێگرەوەی "عیزەدین حەداد" دەستنیشان کرابوو.

ناتانیاهۆ رایگەیاند: "عۆدە یەکێک بوو لە داڕێژەرانی کۆمەڵکوژییەکەی 7ی ئۆکتۆبەر و بەرپرس بوو لە کوشتن و رفاندنی ژمارەیەکی زۆر لە مەدەنی و سەربازانی ئێمە."

لە بەرانبەردا، سەرچاوەیەک لە نێو بزووتنەوەی حەماس بە کوردستان24ی رایگەیاند، کە تاوەکو ئێستا هەواڵی کوژرانی فەرماندە سەربازییەکەیان لەلایەن ئەوانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە متمانەپێکراویان دەبینێت، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە گەیشتووەتە 72,803 کەس. ئەمەش لە وەڵامی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەردایە کە تێیدا 1,221 ئیسرائیلی کوژران.

لە لایەکی دیکەوە، ناتانیاهۆ سەرنجی خستە سەر دەستکەوتەکانی وڵاتەکەی لە شەڕی دژی حزبوڵڵای لوبنانی و رایگەیاند لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی "نێرەی شێری"ەوە نزیکەی 2,500 چەکداری حزبوڵڵا کوژراون؛ تەنیا لە ماوەی ئاگربەستدا 700 چەکداری ئەو گرووپە لەناو براون، کە ئەم ژمارەیە لە کۆی کوژراوانی جەنگی دووەمی لوبنانیش زیاترە.

گوتیشی: هێزەکانی ئیسرائیل خەریکی تێکشکاندنی تەواوی ژێرخانە "تیرۆریستییەکانی" سەر سنوورن و چوونەتە قووڵایی خاکی لوبنانەوە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی هەوڵێکی نیشتمانیی گەورەی دەستپێکردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری تەکنۆلۆژی دژی ئەو درۆنە تەقێنەرانەی کە حزبوڵڵا بەکاریان دەهێنێت. ناتانیاهۆ جەختی کردەوە: "ئێمە بۆ یەک چرکەش شەڕ راناگرین تا ئەو کاتەی ئاسایشی تەواوی هاووڵاتییانمان دەستەبەر دەکەین."