جامی عێراقی ئەم وەرزە هەڵدەوەشێتەوە

هەڵوەشاندنەوەی جامی عێراق بەسوودی یانەی هەولێرە

لۆگۆی جامی عێراق لەگەڵ لۆگۆی یانەكانی هەولێر، دهۆك و زاخۆ
لۆگۆی جامی عێراق لەگەڵ لۆگۆی یانەكانی هەولێر، دهۆك و زاخۆ

بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، جامی عێراقی ئەم وەرزە ناكرێت و پاڵەوانێتییەكە هەڵدەوەشێتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە بڕیاربوو لە قۆناغی 16ـی پاڵەوانێتییەكە دهۆك و هەولێر رووبەڕووی یەكتر ببنەوە.
هەفتەی رابردوو تیروپشكی قۆناغی 16ـی جامی عێراق راكێشرا و رووبەڕووبوونەوەی ئاگرینی لێكەوتەوە، بڕیار بوو دهۆك لە نێو یاریگەی خۆی بەبێ هاندەر میوانداریی هەولێر بكات، زاخۆش لەو قۆناغەدا میوانداریی مینای دەكرد، بەڵام لەگەڵ دەستبەكاربوونی ستافە نوێیەكەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە سەرۆكایەتی یوونس مەحموود بڕیار درا جامی عێراقی ئەم وەرزە هەڵبوەشێتەوە.
بەپێی ئەو تیروپشكەی لە سەردەمی ستافی عەدنان درجال كرا، بڕیار بوو یارییەكانی جامی عێراق لە رۆژی 5ـی مانگی داهاتوو دەستپێبكات، یارییەكانی قۆناغی پێشكۆتاییش دەكەوتە نێو یارییەكانی مۆندیالی 2026، بەڵام پاڵەوانێتییەكە هەڵدەوەشێتەوە و بڕیارەكەش لە سوودی یانەی هەولێرە، چونكە ئەو یانەیە بە فەرمی بەشداریی چامپیۆنزلیگی كەنداوی ساڵی داهاتوو دەكات، لە ئەگەری بەدەستهێنانی پلەی دووەمیش دەتوانێت بەشداریی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیای دوو بكات.