ئێنریکێ ریکێلمی بەڵێنی گەورە بە هاندەرانی ریال مەدرید دەدات
ئێنریکێ ریکێلمی بەربژێری پۆستی سەرۆکایەتی یانەی ریاڵ مەدرید، بەڵێنی گەورە بە هاندەرانی یانەکەی دەدات، بیرۆكەی گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ ڕەتدەكاتەوە و هەوڵ بۆ راهێنەرێك دەدات كە دڵی هەموو هەوادارانی یانەكە خۆش دەكات.
بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو و پێش دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیالی 2026، هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یانەی ریاڵ مەدرید بکرێت، ئێنریکێ ریکێلمێ یەکێک لە دوو بەرژێرەکانی بۆ بەدەستهێنانی کورسی سەرۆکایەتی یانە شاهانەکە، ئەو بازرگانە ئیسپانیە لە ئێستاوە بەڵێنی گەورە بە هاندەرانی یانەکەی دەدات و ئامادەیە لە ئەگەری دەرچوونی وەکو سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید، یۆرگێن کلۆپ یان رائول گۆنزالێس وەکو راهێنەری یانەکەی دەست نیشان بکات.
ئەم بەڵێنانەی ئێنریکێ ریکێلمێ بەربژێری پۆستی سەرۆکایەتی یانەی ریال مەدرید لە کاتێکدایە، دەنگۆیەکی بەهێز هەیە کە وەرزی داهاتوو جۆزێ مۆرینیۆ ببێتە راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، پێشتریش لەلایەن فلۆرێنتینۆ پێرێز هەوڵی زۆر دراوە بۆ رازیکردنی یۆرگێن کلۆپ، بەڵام ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە بە هیچ شێوەیەک ئامادەنیە ببێتە راهێنەری ئەو یانەیە.
یۆرگێن کلۆپ لەوەتەی ساڵی 2023 پۆستی راهێنەرایەتی یانەی لیڤەرپوولی جێهێشتووە، راهێنەرایەتی هیچ یانەیەکی نەکردووە، لە لایەكی دیكەیشەوە رائول گۆنزالێز ئێستا راهێنەری تیپی دووەمی یانەی ریاڵ مەدریدە.
بڕیارە رۆژی حەوتی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یانەی ریاڵ مەدرید بکرێت، دوای بەڕێوەچوونی پێنج خولی هەڵبژاردن بەبێ کێبڕکێیکردن، بۆ جاری یەکەم دوای نزیکەی 20 ساڵ دوو کەس کێبڕکێی لەسەر پۆستەکە دەکەن.