میدیایەک: ئێران دەیەوێت پارە بلوککراوەکانی وەربگرێتەوە بەبێ سازش لە دۆسیەی ئەتۆمی

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای کرد، ئێران لە رێگەی دانوستانەکانی دەوحەوە هەوڵی وەرگرتنەوەی کۆنترۆڵی 100 ملیار دۆلاری بلۆککراو و گەڕانەوە بۆ بازاڕی نەوت دەدات، بەبێ ئەوەی پاشەکشەی جددی لە دۆسیەی ئەتۆمیدا بکات تاوەکو وەک تەسلیمبوون لە قەڵەم نەدرێت.

سێشەممە 26ـی ئایاری 2026، بەپێی راپۆرتی، رۆژنامەی (Wall Street Journal) لە زاری بەرپرسانی ئێرانی و نێوەندگیرە عەرەبەکانەوە بڵاوی کردەوە، ئێران هەوڵ دەدات لە رێگەی ئەم دانوستانانەوە کۆنترۆڵی بەشێک لە داراییە بلۆککراوەکانی لە رۆژئاوا وەربگرێتەوە، کە بە نزیکەی 100 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. هەروەها دەیەوێت جارێکی دیکە رێگەی بۆ بازاڕە جیهانییەکانی نەوت خۆش بکرێتەوە.

ئاماژەشی داوە، تاران دەیەوێت ئەم دەستکەوتانە بەدەست بهێنێت بەبێ ئەوەی پاشەکشەی جددی لە دۆسیەی ئەتۆمیدا بکات، تاوەکو رێگری بکات لەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەم رێککەوتنە وەک تەسلیم بوونی ئێران نیشان بدات.

رۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئێران بۆ پاراستنی کەشی دانوستانەکان، بە شێوەیەکی بەرچاو هێرشە سەربازییەکەی ئەم دواییەی ئەمریکای فەرامۆش کردووە کە تێیدا ژمارەیەک ئەندامی سوپای پاسداران کوژران. بەرپرسان دەڵێن تاران بە ئەنقەست راگەیاندنی هەواڵی کوژرانی ئەو ئەندامانەی دواخستووە، تاوەکو رێگری لە پەککەوتنی گفتوگۆکان بگرێت

لە کاتێکدا گرژییە سەربازییەکان بەردەوامن، محەمەدباقر قاڵیباف، گەورە دانوستانکاری ئێران و سەرۆکی پەرلەمان، رۆژی سێشەممە لە قەتەر ماوەتەوە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان. ئامادەبوونی قاڵیباف لە دەوحە ئامانج لێی یەکلاکردنەوەی خاڵە ناکۆکەکانە، بەتایبەتی پرسی گەڕانەوەی پارە بلۆککراوەکان و وردەکارییەکانی پەیوەست بە کردنەوەی تەنگەی هورمز.

ئەم جووڵە دیپلۆماسییەی تاران نیشانەی ئەوەیە ئێران ئامادەیە هەندێک لە "گورزە سەربازییەکان" قبووڵ بکات لە پێناو بەدەستهێنانی دەستکەوتی دارایی خێرا کە بتوانێت ئابوورییە ناوخۆییەکەی لە داڕمان بپارێزێت.