دەروازەی پەروێزخان: رۆژی یەکەمی جەژن هاتوچۆی بازرگانی رادەگیرێت
دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان ئاگادارییەکی لەبارەی چۆنیەتی هاتوچۆ لە رۆژانی جەژنی قورباندا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، جوڵەی بازرگانی بۆ ماوەی یەک رۆژ رادەگیرێت.
راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان، ئاگاداری سەرجەم شۆفێران و بازرگانان دەکاتەوە، کە سبەی چوارشەممە 27ـی ئایاری 2026، بەبۆنەی یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، هاتوچۆی بازرگانی لە دەروازەکە رادەگیرێت.
لە ئاگادارییەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، کە ئەم راگرتنە تەنها بۆ رۆژی یەکەمی جەژنە و رۆژی پێنجشەممە 28ـی ئایار، هاتوچۆی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی کاڵاکان ئاسایی دەبێتەوە.
سەبارەت بە هاتوچۆی گەشتیاران، دەروازەی پەروێزخان دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە گەشتکردن راناگیرێت و لە سەرجەم رۆژانی جەژندا هاتوچۆی گەشتیاری بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوام دەبێت.