تاران واشنتن بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات
ئێران، ئەمریکای تۆمەتبار دەکات بە پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست، ئەمەش دوای هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا بۆ سەر باشووری وڵاتەکە، ئەم رووداوە گورزێکی لە هەوڵە دانوستانکارییەکان وەشاند کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سێشەممە 26ـی ئایاری 2026، ئەو نیشانانەی لە رۆژانی رابردوودا بۆ بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان دەرکەوتبوون پاشەکشەیان کرد و جارێکی دیکە زمانی گرژی گەڕایەوە نێوان واشنتن و تاران، سەرەڕای ئەوەی لە 8ـی نیسانەوە ئاگربەست راگەیاندراوە، بەڵام هەڕەشەکان هێشتا بەردەوامن و گەمارۆی سەر گەرووی هورمزیش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "سوپای ئەمریکا، لە درێژەی کارە نایاسایی و بێ پاساوەکانیدا لە دوای ئاگربەستەوە، لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا پێشێلکارییەکی گەورەی ئاگربەستی لە ناوچەی هورمزگان ئەنجامداوە"، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەسەر جۆری رووداوەکە بدات، وەزارەتەکە هۆشداری دا کە تاران "هیچ کارێکی خراپ بێ وەڵام جێناهێڵێت و لە بەرگریکردن لە گەلی ئێران دوودڵ نابێت."
لەلایەکی ترەوە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندبوو، شەوی رابردوو چەند پێگەیەکی هەڵدانی موشەکیان لە باشووری ئێران بۆردومان کردووە، هەرچەندە ئێران بە فەرمی زانیارییەکانی پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام میدیاکانی وڵاتەکە باسیان لە بیستنی دەنگی تەقینەوە لە بەندەر عەباس کردووە، هاوکات سوپای پاسداران بانگەشەی خستنەخوارەوەی درۆنی ئەمریکی دەکات.
گەڕانەوەی بەشێکی ئینتەرنێت:
دوای هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی 28ـی شوبات، کە بووە هۆی پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران، دەسەڵاتداران هەنگاوی یەکەمیان بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکە راگەیاند، رێکخراوی "نێت بلۆکس" رایگەیاند، بەشێکی هێڵەکان گەڕاونەتەوە، بەڵام بەکارهێنەران هێشتا بۆ دەستگەیشتن بە سۆشیاڵ میدیا پێویستیان بە (VPN) هەیە.
دانوستانەکان لە دەوحە:
سەرەڕای هەڕەشەکان، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوامن، شاندی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای سەردانێکی کورت بۆ دەوحە، رۆژی سێشەممە گەڕانەوە تاران.
هاوکات، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەمیری قەتەر رایگەیاندووە، وڵاتەکەی "ئامادەیە بۆ گەیشتن بە چوارچێوەیەکی رێزلێگیراو بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ."
بەگوێرەی راپۆرتەکان، ئێران داوای ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار لە داراییە سڕکراوەکانی دەکات، لە بەرانبەردا واشنتن داوای لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران دەکات، دۆناڵد ترامپیش هەوڵ دەدات رێگەیەک بۆ دەرچوون لەم جەنگە بدۆزێتەوە کە زیانی گەورەی بە ئابووری جیهان گەیاندووە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز.
رەوشی لوبنان:
لە بارەی بەرەی لوبنانیش، ئیسرائیل بۆ یەکەمجار داوای لە دانیشتووانی شاری نەبەتیە کردووە شارەکە چۆڵ بکەن، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانی دژی حزبوڵڵا فراوانتر کردووە، ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە تاران دەیەوێت هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا، پرسی لوبنانیش بگرێتەوە.