سەرۆکوەزیرانی عێراق پشتگیریی بڕیارەکەی موقتەدا سەدر دەکات
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری لکاندنی سەرایای سەلامی بە هێزە چەکدارەکانی دەوڵەت بەرز نرخاند و داوای لە هەموو گرووپە چەکدارەکانی دیکە کرد هەمان هەنگاوی نیشتمانی بگرنە بەر.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ی ئایاری 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، هەڵوێستی نیشتمانی و بەرپرسانەی موقتەدا سەدر بۆ لکاندنی سەرایای سەلام بە دامەزراوەکانی دەوڵەت، جێگەی دەستخۆشییە. ئەم هێزانە لەمەودوا لە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا دەبن.
عەلی فالح زەیدی ئاماژەی بەوە دا، ئەم دەسپێشخەرییە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی چەسپاندنی شکۆی دەوڵەت و سەروەریی یاسا لە تەواوی وڵاتدا.
زەیدی ئەوەشی خستە روو، حکوومەت پاڵپشتی لە هەر هەوڵێک دەکات ئارامیی ناوخۆیی بەهێز بکات و بنەمای (چەک تەنیا بە دەستی دەوڵەت بێت) جێگیر بکات.
سەرۆکوەزیرانی عێراق زەیدی داوای لە هەموو گرووپە چەکدارەکان کرد، بچنە ژێر چەتری فەرمیی دەوڵەت و وەک دامەزراوەیەکی فەرمی کار بکەن.
روونیشی کردەوە، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق ئەرکی هەموو لایەکە و پێویستە متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە دەستوورییەکان زیاتر ببێت.
زەیدی جەختی کردەوە، دەوڵەت تەنیا لایەنی رێپێدراوە بۆ هەڵگرتنی چەک و جێبەجێکردنی یاسا لە وڵاتدا. ئەم هەنگاوە نیشتمانییە رێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی دامەزراوە ئەمنییەکان بە باشترین شێوە ئەرکە دەستوورییەکانی خۆیان ئەنجام بدەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ی ئایاری 2026، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە لە رێگەی پەیامێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رایگەیاند، لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و بۆ دوورکەوتنەوە لەو مەترسییانەی روو لە نیشتمان دەکەن، پێویستە سەرایای سەلام بە یەکجاری لە رەوتی نیشتمانیی شیعە جیا ببێتەوە.
موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوە دا، ئەم هێزانە لەمەودوا بە تەواوەتی دەبنە بەشێک لە دەوڵەت و دەخرێنە ژێر فەرمانی بەرپرسی یەکەمی سەربازیی وڵات.
لەبارەی لایەنە مەدەنییەکانی سەر بە سەرایای سەلام، موقتەدا سەدر ئەوەشی خستە روو، هەموو ئەو لایەنانە دەگوازرێنەوە بۆ ناو پڕۆژەی (بونیانی مەرسوس) و دەبێت بێ چەک، بێ بارەگا، بێ ناو و بێ هیچ پۆشاکێکی سەربازی بن.