تێلیگراف: ئێران بەبێ 24 ملیار دۆلار هیچ ڕێککەوتنێک واژۆ ناکات

رۆژنامەی "تێلیگراف"ی بەریتانی ئاشکرای کرد کە تاران مەرجێکی قورسی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی داناوە و رایگەیاندووە بەبێ ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی و دەستبەجێ رادەستکردنی نیوەی ئەو بڕە بە نەقد، هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ واشنتن واژۆ ناکات.

چوارشەممە 27ی ئایاری 2026، رۆژنامەی (The Telegraph) بڵاوی کردەوە، تاران مەرجێکی قورسی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ واشنتن داناوە، ئەویش ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانیەتی. بەپێی راپۆرتەکە، گەورە دانوستانکارانی ئێران لە دەوحە رایانگەیاندووە تاوەکو نیوەی ئەو پارەیە بە نەقد رادەست نەکرێت، هەنگاو بەرەو رێککەوتن نانێن.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، محەمەدباقر قاڵیباف و عەباس عێراقچی، لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ نێوەندگیرە قەتەرییەکان، داواکارییەکی "بڕبڕەشکێن"یان خستووەتەڕوو: دەبێت 12 ملیار دۆلار دەستبەجێ لەگەڵ راگەیاندنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە بگوازرێتەوە بۆ سەر هەژماری ئێران، و 12 ملیارەکەی دیکەش لە ماوەی 60 رۆژدا ئازاد بکرێت. بەرپرسێکی ئێرانی گوتی: "داواکاری ئێمە ئازادکردنی پارەکانە ئێستا، نەک لە داهاتوودا."

رۆژنامە بەریتانییەکە ئاماژە بەوە دەکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئاگادار کراوەتەوە؛ قبووڵکردنی ئەم مەرجە وەک "پاداشتکردنی ئێران" و "پێدانی سەرانە" بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگێک دەبینرێت کە خۆی دەستی پێکردووە.

جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بە (CNN)ی راگەیاندووە، ترەمپ بە شێوەیەکی بەرچاو "بێ ئومێد و پەلە" دەردەکەوێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، ئەمەش رەنگە وای لێ بکات سازشی زیاتر بکات.

هاوکات لەگەڵ دانوستانەکان، ئاگربەستەکە رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی سەخت بووەوە کاتێک هێزەکانی ئەمریکا تەقەیان لە بەلەمەکانی سوپای پاسداران کرد بە تۆمەتی دانانی مین لە نزیک بەندەر عەباس. سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوە دەکات کە درۆنێکی (MQ-9)ی ئەمریکییان خستووەتە خوارەوە و ناچاریان بە فڕۆکەیەکی (F-35) و درۆنێکی تر کردووە ئاسمانی ئێران جێبهێڵن، هەرچەندە پێنتاگۆن ئەمەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

مەرجەکانی هەردوولا بۆ ئاشتی

مەرجەکانی ئێران: کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکان (بەتایبەت لوبنان)، لادانی هەموو گەمارۆکان، قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ، و ناساندنی سەروەریی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا.

مەرجەکانی ئەمریکا: رادەستکردنی 450 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی 60%، تەنیا مانەوەی یەک بنکەی ئەتۆمی، و بێبەشکردنی ئێران لە هەر قەرەبوویەکی جەنگ.

لە کاتێکدا پاکستان و قەتەر لە نێوەندگیری بەردەوامن، چین هاتووەتە ناو هێڵ و داوای دانبەخۆداگرتن دەکات. نێوەندگیرە پاکستانییەکان هەوڵ دەدەن چین وەک گەرەنتی رێککەوتنەکە بەشداری پێ بکەن، تاوەکو ئەو متمانەیەی ئێران بۆ واشنتنی نییە، لە رێگەی پەکینەوە دەستەبەر بکرێت.