ئێران: یەدەگی دراومان زۆر کەمە

ئێران: گەل ناتوانێت چیتر بەرگەی گەمارۆکان بگرێت

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئایاری 2026، لە زاری بەرپرسێکی ئێرانییەوە بڵاویکردەوە، تاران ناتوانێت بۆ ماوەیەکی نادیار لە دۆخی جەنگ و گەمارۆدا بمێنێتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، گەلی ئێران چیتر توانای بەرگەی بەردەوامیی گەمارۆکانی ئەمریکای نەماوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی رۆژنامە ئەمریکییەکە، ئەو بەرپرسە ئێرانییە هۆشداریی داوە یەدەگی دراوی بیانیی وڵاتەکەی تەنیا بۆ ماوەی 3 مانگ بەشی دەکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ قورسیی ئەو گوشارە داراییەی بەهۆی سزا و ئاڵۆزییەکانەوە رووی لە تاران کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران، سەبارەت بە ئەگەری کۆتاییهێنان بە جەنگ و دانوستان لەگەڵ واشنتن رایگەیاند؛ وڵاتەکەی دەستبەرداری داواکارییە بنەڕەتییەکانی نابێت.

ئیبراهیم عەزیزی جەختی کردەوە، هێڵە سوورەکانی ئێران بریتین لە، مافی پیتاندنی یۆرانیۆم، خاوەندارێتی یۆرانیۆمی پیتێنراو، پاراستنی دەسەڵاتی تاران بەسەر گەرووی هورمز و هەڵگرتنی سەرجەم سزاکان.

هەروەها عەزیزی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتی: "روونە کە ترەمپ دەیەوێت لەم چەقبەستووییە ستراتیژییە رزگاری بێت، بۆیە جارێک پەنا بۆ هەڕەشە دەبات و جارێکی دیکە داوای رێککەوتن دەکات."