کوەیت: بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەمان وەڵامی هێرشی مووشەکی و درۆنی دەداتەوە

سوپای کوەیت رایگەیاند، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان خەریکی تێکشکاندنی چەند هێرشێکی مووشەکی و درۆنیی "دوژمنکارانەیە" و راشیگەیاند، دەنگی تەقینەوەکان بەهۆی تێکشکاندنی ئەو ئامانجانەوەیە لە ئاسماندا.

رۆژی پێنجشەممە 28ی ئایاری 2026، سوپای کوەیت لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێستا سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "دوژمنکارانە" دەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرچاوەی هێرشەکان دیار نییە و دەستنیشان نەکراوە.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا کە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کوەیت (کۆنا) بڵاویکردووەتەوە، هاتووە "ئەو دەنگی تەقینەوانەی کە لە ناوچە جیاجیاکان دەبیسترێن، دەرەنجامی کارکردن و تێکشکاندنی ئامانجەکانە لەلایەن سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە."

ئەم ئاگادارییەی سوپای کوەیت لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە لە ئاستێکی بەرزدان، بەڵام سوپا داوای لە هاووڵاتییان کردووە ئارام بن و زانیارییەکان تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن.

سوپای کوەیت لە مانگی نیسان و دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران،  لە بەیاننامەیەکدا، وردەکاریی ئەو هێرشانەی بڵاوکردەوە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکە لە 28ی شوبات تا 10ی نیسانی 2026، رووبەڕووی بووەتەوە و بریتیە لە:

- 354 مووشەکی بالیستی.
- 15 مووشەکی کرووز.
- 845 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن).