حەمیدتی: جەنگی ئێستا ململانێی نێوان پرۆژەی ئازادی و میراتی دیکتاتۆریی ئیخوانەکانە
فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا رایگەیاند، ئەو جەنگەی ئێستا لە سوودان بەڕێوەدەچێت، "نەبەردێکی مێژووییە" لەنێوان دوو پرۆژەی دژبەیەک؛ پرۆژەی بزووتنەوەی ئیسلامی کە چەندین دەیەیە بە سەرکوتکاری حوکمی وڵات دەکەن، لەگەڵ پرۆژەی "سوودانی نوێ" کە لەسەر بنەمای ئازادی، دادپەروەری و هاووڵاتیبوون دامەزراوە.
فەریق محەمەد حەمدان دەقڵۆ، ناسراو بە "حەمیدتی"، لە وتارێکدا بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، پیرۆزبایی لە گەلی سوودان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات کرد و ئاماژەی بەوە کرد، جەژنی ئەمساڵ لە کاتێکدایە کە گەلی سوودان قوربانییەکی زۆری داوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و بنیادنانی دەوڵەتێکی مەدەنی دیموکراسی.
حەمیدتی بزووتنەوەی ئیسلامی و باڵە سەربازییەکانی بە بەرپرسیار زانی لە وێرانکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و نوقمکردنی سوودان لەنێو جەنگ و دابەشبووندا و رایگەیاند کە پرۆژەی ئەوان پشتی بە پەراوێزخستن، رەگەزپەرستی و خوڵقاندنی فیتنە لەنێوان پێکهاتەکاندا بەستووە، لە کاتێکدا هێزە نەیارەکانی ئەوان هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێک دەدەن کە دادپەروەری، ئاشتی و دابەشکردنی دەسەڵات و سامان لەخۆ بگرێت.
فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا جەختی لەوە کردەوە، جەنگ بۆ ئەوان "ململانێ نییە لەسەر دەسەڵات و هەژموون"، بەڵکو جەنگێکە بۆ رزگارکردنی سوودان لە "میراتی دیکتاتۆری"، دووپاتیشی کردەوە کە هێزەکانیان پاشەکشە ناکەن تاوەکو ئامانجەکانی شۆڕش و دەوڵەتێکی دادپەروەر بەدی دێت.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، حەمیدتی داوای دووبارە دامەزراندنەوەی سوپای سوودانی کرد لەسەر بنەمایەکی پیشەیی و نیشتمانی نوێ، راشیگەیاند کە دامەزراوەی سەربازی چەندین دەیەیە لەژێر هەژموونی بزووتنەوەی ئیسلامیدایە، ئەوەش بووەتە هۆی تێوەگڵاندنی سوپا لەنێو سیاسەت و بەکارهێنانی وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکاری.
هەروەها بەڵێنیدا دەوڵەتێک بونیاد بنێن کە "شوێنی رەگەزپەرستی، خێڵەکی و پەراوێزخستنی تێدا نەبێت"، جەختیشی کردەوە کە ماف و ئەرکەکان تەنیا لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون دەبن، دوور لە ناسنامەی ناوچەیی و نەتەوەیی.
لە پەیامێکیشدا بۆ وڵاتان، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ کرد پاڵپشتی "پرۆژەی نیشتمانی نوێ" لە سوودان بکەن، سوپاسی ئەو وڵات و رێکخراوە مرۆییانەشی کرد کە پێشوازییان لە پەنابەرانی سوودان کردووە.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، حەمیدتی دووپاتی کردەوە کە پاشەڕۆژی سوودان دەبێت لەسەر بنەمای ئاشتی، دادپەروەری و لێپرسینەوە بێت، لەگەڵ رەتکردنەوەی هەر جۆرە تۆڵەسەندنەوەیەکی بەکۆمەڵ یان جیاکاریی خێڵەکی.
ئەم وتارەی حەمیدتی لە 15ـی نیسانی 2023 شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سوودان روویدا، بەهۆی شەڕەکەوە زیاتر لە 8 ملیۆن کەس ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون و دەیان هەزار کەسیش کوژراون و بریندار بوون، هەروەها چەند جارێک بە ناوبژیوانی سعوودیە هەوڵی ئاگربەست درا بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن.