راپۆرتێک: جەنگی ئێران کۆگاکانی چەکی ئەمریکای خاڵی کردووە

راپۆرتێکی ئاژانسی "ئەسۆوشیەیتید پرێس" لە زاری ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (CSIS) ئاشکرای کرد، کۆمپانیاکانی پیشەسازیی سەربازیی ئەمریکا لانی کەم پێویستییان بە سێ ساڵە بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی چەک، کە بەهۆی بەکارهێنانی زۆریان لە جەنگی ئێراندا خەریکە خاڵی دەبنەوە.

چوارشەممە 27ـی ئایاری 2026، ئەسۆوشیەیتید پرێس بە پشت بەستن بە شیکەرەوە نوێیەکانی ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (CSIS)، کۆمپانیاکانی پیشەسازیی سەربازیی ئەمریکا پێویستییان بە لانی کەم سێ ساڵ هەیە بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی چەک کە بەهۆی بەکارهێنانی زۆریان لە جەنگی ئێراندا خەریکە خاڵی دەبنەوە. ئەمە نیگەرانییەکی گەورەی دروست کردووە کە لە ئەگەری هەر جەنگێکی دیکە ، هێزەکانی ئەمریکا رووبەڕووی کەمیی تەقەمەنی ببنەوە.

راپۆرتەکە ئاماژە بە سێ جۆری سەرەکیی چەک دەکات کە لە جەنگی ئێراندا قورسایی زۆریان لەسەر بووە:

1. مووشەکی کروزی تۆماهۆک (Tomahawk): کە بۆ لێدانی ئامانجە قووڵەکان بەکاردێت.

2. سیستەمی پاتریۆت (Patriot): بۆ بەرگری لە مووشەک و درۆن.

3. سیستەمی تاد (THAAD): بۆ بەرگریی ئاسمانی لە بەرزاییە زۆرەکان.

ناوەندی (CSIS) دەڵێت: "هەرچەندە ئەمریکا چەکی پێویستی بۆ سیناریۆکانی جەنگی ئێران هەیە، بەڵام خاڵیبوونی کۆگاکان کەلێنێکی دروست کردووە کە رەنگە چین بیقۆزێتەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی تایوان تا ساڵی 2027." شی جینپینگ، سەرۆکی چین، پێشتر هۆشداری دابوو ئەگەر واشنتن بە هەڵە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی تایوان بکات، رووبەڕووبوونەوەی سەربازی روودەدات.

ئیدارەی ترەمپ بودجەیەکی خەیاڵیی 1.5 ترلیۆن دۆلاری بۆ ساڵی 2027 پێشنیاز کردووە بۆ کڕینی چەک، بەڵام راپۆرتەکە دەڵێت: "کێشەکە پارە نییە، بەڵکو کاتە." چونکە دروستکردنی ئەم سیستەمە ئاڵۆزانە کاتێکی زۆری دەوێت. بۆ نموونە،تۆماهۆک، ئەمریکا زیاتر لە 1000 مووشەکی لە ئێران گرتووە، و پڕکردنەوەی ئەم کۆگایە رەنگە تا کۆتایی 2030 بخایەنێت، سیستەمی تاد، جێگرتنەوەی 290 مووشەکی تێکشکێنەر کە بۆ درۆنەکانی ئێران بەکارهاتوون، تا کۆتایی 2029 دەخایەنێت؛ هاوکات پاتریۆت، پڕکردنەوەی کۆگاکان تا ناوەڕاستی 2029 تەواو دەبێت.

پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتدا ستایشی هەوڵەکانی ترەمپی کرد بۆ گەشەپێدانی کەرتی پیشەسازیی سەربازی و گوتی: ئێستا خێراتر لە جاران چەک بەرهەم دەهێنن. شان پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن، جەختی کردەوە کە "سوپا هەموو ئەو شتانەی لەبەردەستە کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئەمریکا پێویستن."

هاوکات ڤێرجینیا بێرگەر، گەورە شیکەرەوەی سەربازی، رای جیاوازە و دەڵێت: "بەرپرسانی پێنتاگۆن راستی کۆگاکان دەزانن؛ ئێمە ئاستی چەکەکانمان گەیاندووەتە خاڵێکی مەترسیدار."

مارک کانسیان، راوێژکاری باڵا لە (CSIS)، دەڵێت رەگی ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی جەنگی سارد، کاتێک ئەمریکا وای دەبینی شەڕەکانی داهاتوو کورتخایەن دەبن و پێویستیان بە کۆگایەکی گەورە نابێت، بەڵام جەنگی ئۆکرانیا و ئێستا جەنگی ئێران سەلماندیان کە جەنگی مۆدێرن پێویستی بە کۆگایەکی یەکجار گەورەی مووشەکی پێشکەوتوو هەیە.

کۆمپانیاکانی وەک لۆکهید مارتن و رایسیۆن (RTX) ئێستا ملیاران دۆلار لە کارگەی نوێدا وەبەرهێنان دەکەن تاوەکو بەرهەمهێنان دوو هێندە بکەن، بەڵام وەک شارەزایان دەڵێن، "ئەمریکا پێویستی بە هەناسەدانە تا کۆگاکانی دووبارە پڕ دەبنەوە."