توێژینەوەیەک: زیادبوونی رێژەی ڤیتامین B12 لە خوێندا مەترسیی شێرپەنجە زیاد دەکات
توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ هۆشداری دەدات لەوەی کە بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری ئاستی ڤیتامین B12 لە خوێندا، پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە هەندێک جۆری شێرپەنجە و خراپتربوونی باری تەندروستیی تووشبووانەوە هەیە.
وەک زانراوە ڤیتامین B12 بۆ تەندروستیی مرۆڤ سوودێکی زۆری هەیە، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ ئاماژە بەوە دەکات، زیادبوونی ئەم ڤیتامینە رەنگە ببێتە هۆی گەشەکردنی خانە شێرپەنجەییەکان.
توێژینەوەکە دەریخستووە، پەیوەندیی نێوان ئاستی ڤیتامین B12 و شێرپەنجە وەک پیتی (U) وایە؛ واتە مەترسییەکە هەم لە کاتی کەمیی ڤیتامینەکە و هەم لە کاتی زۆربوونی رێژەکەیدا هەیە. ڤیتامین B12 بە شێوەیەکی گشتیی یارمەتی گەشەی خانەکان دەدات، هەر بۆیە لە رووی تیۆرییەوە ئەگەر خانەیەک ئامادە بێت بۆ بوون بە شێرپەنجە، زیادبوونی ڤیتامینەکە گەشەی خێراتر دەکات، هەرچەندە تاوەکو ئێستا بەڵگەیەکی راستەوخۆ لەسەر هۆکارە سەرەکییەکە لەبەردەستدا نییە.
بەگوێرەی دەرەنجامی توێژینەوەکانی ساڵی 2022 و 2024، دەرکەوتووە، رێژەی ڤیتامین B12 لە خوێنی تووشبووانی شێرپەنجەدا زۆر بەرزە، ئەوەش وەک دیاردەیەکی لاوەکی یان یەکێک لە کاریگەرییەکانی نەخۆشییەکە سەیر دەکرێت. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ تێکچوونی جگەر دەگەڕێتەوە کە ناوەندیی کۆکردنەوەی ئەم ڤیتامینەیە، هەروەها هەندێک لە گرێیەکان دەبنە هۆی زیادبوونی پرۆتینە بەستەرەکان لە خوێندا، ئەوەش ئاستی ڤیتامینەکە بە بەرز نیشان دەدات.
لە توێژینەوەیەکی نوێدا لە ساڵی 2026 ئەنجامدراوە، زانایان بۆیان دەرکەوتووە ئەو نەخۆشانەی تووشبووی شێرپەنجەی کۆڵۆن بوو ئاستی ڤیتامین B12 لە خوێنیاندا زۆر بەرز بووە، تەمەنیان بە نیوەی ئەو نەخۆشانە کەمتر بووە کە ئاستی ڤیتامینەکەیان ئاسایی بووە.