مەسرور بارزانی سەردانی گەلی شێرانەی لە دەڤەری ئامێدی کرد

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی گەلی شێرانەی لە دەڤەری ئامێدی کرد و پشتیوانیی خۆی بۆ وەربەرهێنەر و خاوەن پڕۆژە گەشتیارییەکان دەربڕی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەردانی گەلیی شێرانەی لە ئامێدی کرد، لەگەڵ چەند خاوەن پڕۆژەیەکی گەشتیاری و وەبەرهێنەرێکی ناوچەکە کۆبووەوە.

هەرمان سدقی، خاوەن پڕۆژەی گەشتیاریی گەلی شێرانە یەکێک لەو وەبەرهێنەرانە بوو کە سەرۆکوەزیران چاوی پێکەوت. ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکوەزیران لە پشووی جەژندا پێی باش بوو وەکو گەشتیارێک سەردانی یەکێک لە ناوچەکانی کوردستان بکات و وەکو گەشتیارێک سەردانی کردین. زۆر دڵ خۆش بوو بە پڕۆژە گەشتیارییەکانی ناوچەکە و دڵ خۆش بوو بەوەی سەتان کەس لە خەڵکی ناوچەکە بەهۆی ئەم پرۆژانە هەلی کاریان دەستکەوتووە.

ئاماژەی بەوەش کرد "مەسرور بارزانی پشتیوانی خۆی بۆ وەبەرهێنەران دەربڕی و گوتی هەموو هاوکارییەکتان دەکەم، بەڵام ئێوەش گرنگی بە کوالێتیی گەشتیاری بدەن بۆئەوەی بتوانرێت سەرنجی گەشتیارانی بیانی بەرەو هەرێمی کوردستان ڕابکێشرێت".

هەرمان سدقی ئاماژەی بەوەش کرد "مەسرور بارزانی پێی ڕاگەیاندین کە پێویستە خەڵکی ناوچەکە گرنگیی زیاتر بە کەرتی گەشتیاری و وەبەرهێنان بدات و جەختیشی کردەوە کە حکومەت بە تایبەتی گرنگی بە ئامێدی دەدات، تاوەکو لەبواری گەشتیاریدا زیاتر پێشبکەوێت و وەبەرهێنانی زیاتری تێدا بکرێت".