رێوار زوبێر و ئاگرین سەوزە گۆرانییەکی نوێ بڵاودەکەنەوە

هەردوو هونەرمەندی گەنج، رێوار زوبێر لە باشووری کوردستان و ئاگرین سەوزە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەرهەمێکی هونەریی هاوبەشیان بە شێوەی "دوێت" بڵاوکردەوە. ئەم کارە نوێیە کە لەسەر قەڵای مێژوویی هەولێر وێنەگیراوە، وەک دیارییەک بۆ جەژنی قوربان پێشکەش بە هەوادارانیان کراوە.

پێنجشەممە 28ی ئایاری 2026، رێوار زوبێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، گۆرانییە نوێیەکەیان ئاوێتەیەک لە ستایلی فۆلکلۆری کوردی و میوزیکی سەردەمیانەیە. گوتیشی: "ویستمان بەم بەرهەمە کە کلیپەکەیمان لەسەر قەڵای هەولێر ئەنجامداوە، لە رۆژانی جەژنی پیرۆزی قورباندا دڵخۆشییەکی بچووک پێشکەش بە بینەران بکەین."

ئەم کارە هونەرییە نوێیە کە ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، سەرنجی زۆری هەوادارانی هەردوو هونەرمەندی راکێشاوە، بەتایبەت کە رێوار و ئاگرین بە پۆشاکی رەسەنی کوردی و بە ستایلێکی فۆلکلۆری تێیدا دەردەکەون.

رێوار زوبێر مێژوویەکی 14 ساڵەی لە کاری هونەریدا هەیە و لە ساڵی 2012ـەوە دەستی پێکردووە. ناوبراو لە ساڵی 2019 و دوای بڵاوکردنەوەی گۆرانی "خۆشم دەوێ"، توانی وەک دەنگێکی نوێ و دیار لە گۆڕەپانی هونەریی کوردستاندا جێگەی خۆی بکاتەوە.